کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر دەسپێکردنەوەی بەشی ڤیزای راگەیاند
کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر، بڕیاری دا بە کردنەوەی دووبارەی بەشی ڤیزا و کاروباری کونسوڵگەری. بەپێی بڕیارە نوێیەکە، لە قۆناخی یەکەمدا پێشینە دەدرێت بەو کەسانەی کە پێشتر وادەی چاوپێکەوتنیان هەبووە و بەهۆی بارودۆخەکانەوە بۆیان هەڵوەشابووەوە.
دووشەممە 15ـی حوزەیرانی 2026، کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا لە هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد کە پرۆسەی پێدانی ڤیزا دەستی پێکردووەتەوە. کونسوڵخانە دڵنیایی دایە ئەو پێشکەشکارانەی کە پێشتر وادەیان هەبووە و هەڵوەشاوەتەوە، کە پێویست ناکات داواکاریی نوێ پێشکەش بکەن، بەڵکو بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وادەی نوێیان بۆ دیاری دەکرێت و لە رێگەی ئیمەیلەوە ئاگادار دەکرێنەوە.
سەبارەت بە جۆرەکانی دیکەی ڤیزا، کونسوڵخانەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە قۆناخەکانی داهاتوودا وادەی نوێ بۆ بوارەکانی وەک "ڤیزای خوێندن" و جۆرەکانی تر بەردەست دەبن.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، ئێستا هاووڵاتییان دەتوانن تەنیا لە "لیستی چاوەڕوانی"دا ناوی خۆیان تۆمار بکەن، بۆ نموونە بۆ مەبەستی (پێکهاتنەوەی خێزان)، تاوەکو لە کاتێکی گونجاودا زانیارییان پێ بدرێت و سیستەمی وادە دیاریکردن بۆیان کارا بکرێت.
کارەکانی بەشی ڤیزای کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردووەوە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە راگیرابوون.