شه‌ممه ده‌سته‌ى نوێى سه‌رۆكايه‌تى نوێنه‌ران هه‌ڵده‌بژێردرێت
بڕيارياندا رۆژى شه‌ممه بۆ هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تى ئه‌نجوومه‌نه‌كه كۆببنه‌وه.
K24 – هه‌ولێر:
نوێنه‌ره مانگرتووه‌كان له دانيشتنى نائاسايى ئهمڕۆياندا كه بۆ دياركردنى چاره‌نووسى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ئه‌نجامياندا، بڕيارياندا رۆژى شه‌ممه بۆ هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تى ئه‌نجوومه‌نه‌كه كۆببنه‌وه.
كه‌مێك پێش ئێستا ژماره‌يه‌ك له نوێنه‌رانى مانگرتوو، به سه‌رۆكايه‌تى عه‌دنان جه‌نابى كۆبوونه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بڕيار له باره‌ى چاره‌نووسى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تى ئه‌نجوومه‌ن بده‌ن.
به گوێره‌ى زانيارييه‌كان، سه‌رۆكى كاتى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى مانگرتووه‌كان بڕياريداوه رۆژى شه‌ممه‌ى سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو، كۆبوونه‌وه‌يه‌كى ديكه‌ى هاوشێوه ئه‌نجامبده‌ن به مه‌به‌ستى يهكلاكردنهوهى پرسى لادانى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن و ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تى ئه‌نجوومه‌نه‌كه.
پێشتر، ئه‌ندامى مانگرتووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران مه‌شعان جبوورى رايگه‌ياند، سه‌ليم جبوورى رازى بووه ده‌ست له كاربكێشێته‌وه.
گوتيشى: ئه‌و نوێنه‌رانه‌ى وه‌ك شاندێك چووبوونه لاى جبوورى قسه‌يان له‌گه‌ڵيدا كردووه و جبوورى به حاكم زاملى وتووه، ماوه‌ى يه‌ك كاتژمێر ده‌رفه‌تم پێ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى راى كوتله‌كه‌م له باره‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌م وه‌ربگرم و كۆبوونه‌وه‌يان له‌گه‌ڵ بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ى كوتلهكهشم رازى بێت به بڕيارى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌م.
دوێنێ چوارشه‌ممه، سه‌ليم جبوورى ناچار بوو دانيشتنى ئاسايى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران به هۆى پێكداهه‌ڵپژانى نوێنه‌رانى كوتله سياسييه‌كان به تايبه‌تى ده‌مه‌قاڵێى نێوان عاليه نوسه‌يف و ژماره‌يه‌ك نوێنه‌رانى هاوپه‌يمانى كوردستانى دوابخات بۆ ئه‌مڕۆ.
ئه‌مڕۆش دانيشتنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران وه‌ك دوو رۆژى رابردوو، خاڵى نه‌بوو له پشێوى و ده‌نگه ده‌نگ، به تايبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى مه‌شعان جبوورى داوايه‌كى خسته‌ڕوو بۆ دهستلهكاركێشانهى هه‌ر سێ سه‌رۆكايه‌تييه‌كه‌ى وڵات.
له 12ى نيسانه‌وه ژماره‌يه‌ك له نوێنه‌ران وه‌ك ناڕه‌زايه‌تى ده‌ربڕين له به‌رامبه‌ر پێكهاته‌ى كابينه‌ى حكومه‌ت و هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى له ناو ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران مانيانگرتووه.
مانگرتووه‌كان سه‌ره‌تا ته‌نيا له پێكهاته و چاكسازييه‌كانى حكومه‌تى عه‌بادى ناڕازى بوون و دواتر داواى گۆڕينى ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانيان كرد.