عێراق.. جارێكی دیكه ئاماری تووشبوونی رۆژانه به كۆرۆنا له 8 هه‌زار كه‌س نزیك بووه‌وه
مردنیش به‌هۆی په‌تاكه به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ چه‌ند مانگی رابردوو ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی تۆماركرد
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی تووشبوون، مردن و چاكبوونه‌وه‌ی كۆرۆنای له‌سه‌رانسه‌ری وڵات به‌پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه راگه‌یاند و به‌گوێره‌ی ئاماره‌كه، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا پشكنینی پزیشكی بۆ 43 هه‌زار و 848 كه‌س ئه‌نجامدراوه و تووشبوونی 7 هه‌زار و 953 كه‌سی دیكه به په‌تاكه پشتڕاست كرایه‌وه. زۆرترین ژماره‌ی تووشبوونی ئه‌مڕۆش له ناوچه‌ی كه‌رخی شاری به‌غدا تۆماركرا، كه بریتییه له 1818 حاڵه‌ت.
وه‌ك له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، له‌ماوه‌ی شه‌و و رۆژێكدا 44 كه‌س به‌هۆی په‌تاكه گیانیان له‌ده‌ستداوه، كه به به‌راورد له‌گه‌ڵ چه‌ند مانگی رابردوودا ژماره‌یه‌كی پێوانه‌ییه.
هاوكات 5 هه‌زار و 679 حاڵه‌تی چاكبوونه‌وه‌ش له‌په‌تاكه راگه‌یه‌ندراوه.
تا ئێستا كۆی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌رانسه‌ری عێراق تووشی په‌تاكه بوونه، ژماره‌یان گه‌یشته 932 هه‌زار و 899 حاڵه‌ت، له‌و ژماره‌یه‌ش 14 هه‌زار و 757 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، 820 هه‌زار و 532 كه‌سیش به رێژه‌ی 88% به‌ته‌واوی چاك بوونه‌ته‌وه و 97 هه‌زار و 610 كه‌سیش له نه‌خۆشخانه‌كان له‌ژێر چاودێری پزیشكیدان، له‌و ژماره‌یه‌ش 451 كه‌س به‌هۆی ناجێگیری دۆخی ته‌ندروستییان له‌ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان.
H.B