"کوردەکان وەک هەموو بەشەکانی دیكه‌ی سووریا، خاوەنی روانگەی خۆیانن"

نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن: دەبێت مافەکانی کورد له‌ سووریا ده‌سته‌به‌ر بكرێن

K24- مۆسكۆ:

میخایل بەگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن، بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، دەبێت مافەکانی کورد لە سووریادا دەستەبەر بکرێن.

بەگدانۆڤ گووتی: کوردەکان وەک تەواوی نەتەوە و پێکهاتەکانی دیكه‌ دەبێت مافەکانیان لە سووریا دا دەستەبەر بکرێت و ئێمە بەردەوام پێشوازی لەو پەیوەندییانە دەکەین، کە لە نێوان پێکهاتەکاندا هەبووە و خۆیان پێویستە گفتوگۆ بکەن و رێکبکەون لەسەر چۆنیەتی پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەری خاکی سووریا. نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتین ئاشكراشی كرد له‌گه‌ڵ تورکیا و ئێران لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی گەڕی داهاتووی دانوستانەکانی ئەستانە دەستپێبکاتەوە.

دوای زیاتر لە 10 ساڵ شەڕ و وێرانکاری و قوربانی زۆر لە سووریادا،هێشتا وڵاتەکە بەرەو قۆناغێکی نادیار هەنگاو دەنێت، لەم نێوەندەدا پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان هەستیارترین بابەتە بەلای دیمەشق و ئەنقەرەوە، پەیوەست بەم پرسە "میخایل بەگدانۆڤ"، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، دەبێت مافەکانی کورد لە سووریادا دەستەبەر بکرێن.

میخایل بەگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوە و نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتین روونیكرده‌وه‌، پێم وایە کوردەکان وەک تەواوی نەتەوە و پێکهاتەکانی دیكه‌ دەبێت  مافەکانیان دەستەبەر بکرێت لە سوریادا، ئێمە بەردەوام پێشوازی لەو پەیوەندییانە دەکەین کەلە نێوان پێکهاتەکاندا هەبووە و هەیە، خۆیان پێویستە گفتوگۆ بکەن و رێکبکەون لەسەر چۆنیەتی پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەری خاکی سوریا، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت، کە کوردەکان لە سوریادا جیاوازن و هەڵوێستشیان جیاوازە لەمەڕ ئایندەی سووریا، هەنووکە ئێمە لەگەڵ تورکیا و ئێران لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی گەڕی داهاتووی دانوستانەکانی ئەستانە دەستپێبکاتەوە، چونکە لە پاش هەڵبژاردن و لەگەڵ ستافی نوێی حوکمڕانی دەبێت هەنگاوەکانی ئاسایکردنەوەش بکەونەوە سەر رەوڕەوەی خۆیان.

بەهاری ساڵی 2011 هاووڵاتیانی سووریا لە دژی دەسەڵاته‌کەی "بەشار ئەسەد" راپەڕین، بەڵام ئەم شۆڕشە هیچی لێ سەوز نەبوو، جگە لەوەی وڵاتەکە گیرۆدەی قەیرانێكی قوڵ بووە، بەشار ئەسەدیش بۆ چوارەمین جار خۆی لە کورسیەکەی گیرکردەوە، بەشێک لە لایەنەکان، رووسیا تۆمەتبار دەکەن کە وەک فریادڕەسێک لەپشت ئەسەد وەستاوە، بەرپرسی کۆمیتەی کاروباری نێودەوڵەتی پەرلەمانی رووسیا دەڵێت: ئاسایشی سووریا، ئاسایشی ئێمەیە.

لیۆنید سلوتسکی، بەرپرسی کۆمیتەی کاروباری نێودەوڵەتی لە پەرلەمانی رووسیا گوتی: "ئێمە پشتیوانی لەو ئاراستەیە دەکەین، کە سورییەکان هەڵیان بژاردووە، ئێمە پاڵپشتی کەسێکی دیاریکراو ناکەین، بەڵکو پشتیوانی کەسێکی سووریاین بەرەو ئاشتی، ئاشتی بژاردەی گەلی سوریایە، ئێستا بژاردەکە بە سوودی بەشار ئەسەدە، بەهەموو جۆرێک دژی ئەو هەوڵە سەربازیانە دەبین کە لە بەشە جیاجیاکانی سووریا بۆ کەرتکردنی دەدرێن، سووریا لە ئێمەوە دوور نییە، پرسی ئاسایشی ئەو وڵاتە تەنیا پرسی سووریا و ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ و جیهانی عەرەبی نییە، بەڵکو ئاسایشی ئێمەشە، سووریا لە بواری کولتووریدا لەسەر ئاستی جیهان رووبەرێکی زەنگین و دەوڵەمەندە، مافی ئەوەی هەیە سەربەخۆ چارەنووسی خۆی دەستنیشان بکات، سەبارەت بەکوردەکان وەک هەموو بەشەکانی دیكه‌ی سووریا، خاوەنی روانگەی خۆیانن، ئێمە وەک پێشتر بەردەوام دەبین لە درێژەدان بەگفتوگۆ لەگەڵ تەواوی لایەنەکان.

کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە شەڕی تیرۆری نێودەوڵەتیدا رۆڵێکی گرنگیان بینی، بەڵام ئێستا بە پاساوی جیاجیا لە لایەن سووریا و تورکیاوە خەریکە پشتگوێ دەخرێن، لەم نێوەندەدا رووسیا جەخت دەکاتەوە، کە  مافەکانی کورد لە سوریا دەستەبەر بکرێن، بەڵام داهاتوو ئەم هاوکێشەیەمان زیاتر بۆ روون دەکاتەوە.

د.ی