رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵی سەرەکی هەبوو لە گەیشتن بە رێککەوتن

K24 - هەولێر

رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر ناردنی بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان بەشێوەی (أثر رجعي) دەبێت و دوای ئەم شەش مانگە بە گوێرەی رێككەوتنەكە دەبێت. سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند "سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رۆڵێكی سەرەكی بینووە لە رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا".

دواجار هەولێر و بەغدا گەیشتنە رێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، ئەویش دوای چەندین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق. کە هێشتا شاندە تەکنیکییەکان لەسەر داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان لە گفتوگۆدان.  ئەم رێککەوتنە بۆ هەرێمی کوردستان بە رێككەوتنێكی گرنگ دادەندرێت.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "رۆڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێککەوتنەکە رۆڵی سەرەکی بوو، هەر لە سەرەتاشەوە چاودێری پەسندکردنی یاسای بودجەی عێراقی کردووە و لەسەر هێڵ بووە".

گوتیشی: "ئەو رێککەوتنە بەشێوەی (أثر رجعي) دەبێت، دواتر بە پابەندبوونی هەردوولا رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت".

لە ساڵی 2014وە بەغدا مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، دواتر هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ گەیشتن رێککەوتن دەرئەنجامەکەی ئەوەبوو بودجەی هەرێمی کوردستان گەڕێنرایەوە،  ئەندامێکی لیژنەی دارایی جەختدەكاتەوە كە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵیکی کاریگەری هەبوو بۆ گەشتن بە رێککەوتن، كە یەکێک لە بەرنامەکانی کابینەی نۆیەم رێککەوتن بوو لەگەڵ حكومەتی عێراق.

رۆژی سێشەممە 15/6/2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ تویتێکدا رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ مسته‌فا کازمی گفتوگۆی هاوبه‌شیان بۆ راسته‌ڕێکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا کرد. هه‌روه‌ها سەرۆکی حکومەت نووسیویه‌تی "خۆشحاڵم رایبگەیەنم کە گەیشتووینەتە رێکەوتنێک که‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە حیساب دەکرێت بە (أثر رجعي).  مەسرور بارزانی ئەم رێككەوتنە بە وەرچەرخانێکی گرنگ دادەنێت و دەڵێ بە یەکەوە بە سەر بەربەستێکی سەختدا زاڵ بووین".