به‌رگری شارستانی دهۆك ئاماری شه‌ش مانگی رووداوه‌كانی خنكانی راگه‌یاند
تا ئێستا تیمه‌كانیان توانیویانه 21 كه‌س له خنكان رزگار بكه‌ن
K24- هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی دهۆك، ئاماری رووداوه‌كانی خنكانی له ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابردوودا له سنووری ئه‌و پارێزگایه راگه‌یاند و به‌گوێره‌ی ئاماره‌كه، له نیوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ 2021، 8 هاووڵاتی له سنووری ئه‌و پارێزگایه له ئاودا خنكاون.
موقه‌ده‌م بێوار عه‌بدولعه‌زیز، گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی دهۆك تایبه‌ت به كوردستان24ی راگه‌یاند، ته‌رمی 2 له‌و كه‌سانه‌ی له‌ئاودا خنكاون، له‌لایه‌ن تیمی مه‌له‌وانانی به‌رگری شارستانییه‌وه له‌ئاو ده‌رهێنراون و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه ته‌رمه‌كانیان ده‌رهێنراون.
ئاشكراشیكرد، له ماوه‌ی ئه‌مساڵدا تیمی مه‌له‌وانانی سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان توانیوانه 21 هاووڵاتییان له خنكان رزگار بكه‌ن و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، تیمی فڕۆكه‌وانی به‌رگری شارستانی دهۆك به‌رده‌وام چاودێری ئاوی به‌نداوی دهۆك ده‌كات و بۆ رێگریكردن له‌وانه‌ی به مه‌به‌ستی مه‌له‌وانیكردن ده‌چنه ده‌وروبه‌ری به‌نداوه‌كه، له‌گه‌ڵ تیمی مه‌له‌وانانی سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان له هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامدان.
گوته‌بێژی به‌رگری شارستانی دهۆك ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، زۆرێك له منداڵان به‌بێ ئاگاداری دایك و باوكیان به‌مه‌به‌ستی مه‌له‌كردن دێنه سه‌ر بنداوهكه و جگه له‌وه‌ی كه نابێت مه‌له‌وانی له‌و ئاوه‌دا بكرێت، چونكه بۆ مه‌به‌ستی خواردنه‌وه به‌كارده‌هێنرێت، هه‌روه‌ها هۆشداری ئه‌وه‌شی دا، ئه‌مساڵ به‌هۆی نزمبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاو له به‌نداوه‌كه، له‌كاتی مه‌له‌كردن منداڵان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌و ئاوه‌دا مه‌له‌وانی بكه‌ن، رووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره ده‌بنه‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی بوونی پارچه ته‌نه‌كه و ته‌ل و سیم و تۆڕ له‌ناو ئاوه‌كه‌دا، كه بینینیان ئه‌سته‌مه.
گوتیشی: ماوه‌ی دوو ساڵه به‌هۆی چاودێری چڕی تیمه‌كانیان بۆ ئاوی به‌نداوه‌كه، توانیویانه رێگری له مه‌له‌كردن له‌و ئاوه‌دا بكه‌ن و هیچ كه‌سێكیش له ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا له ئاوی به‌نداوه‌كه‌دا نه‌خنكاوه.
H.B