گرافیک... هەڕەشەی تاڵیبان لە ئەفغانستان
تاڵیبان چەندین ناوچەی ئەفغانستان کۆنترۆڵ دەکات
K24 - هەولێر
دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان، چەکدارانى بزووتنەوەى تاڵیبان نزیکەى نیوەى خاکى ئەو وڵاتەیان کۆنتڕۆڵکرد. لەچەندین ناوچەش شەڕ و رووبەڕووبوونەوەى بەهێز لەنێوان چەکدارانى تاڵیبان و سەربازانى حکومەتی ئەفغانستان بەردەوامە.
رۆژی هەینی رابردوو بۆ یەکەمجار شاری زارەنج، ناوەندی پارێزگای نیمروز، لەلایەن چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبانەوە کۆنترۆڵکرا.
هەر لەو ماوەیەدا تاڵیبان لە 12 خاڵی سنوروی ئەفغانستان، 6 خاڵی سنووریی کۆنترۆڵ کردووە، کە گرینگترینیان خاڵە سنوورییەکانی ئەفغانستان لەگەڵ ئێران، پاکستان و تاجیکستانن.
بە هۆی شەڕی تاڵیبانەوە تائێستا 1600 کەس کوژراون و 360000 کەسیش ئاوارەبوونە.
ئەمریکا، کە لە ساڵی 2001 سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی دەکرد بۆ شەڕێک لە دژی چەکدارانی تاڵیبان لە ئەفغانستان و بڕیاری داو تەنیا 600 بۆ 1000 سەرباز بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەکەی لە کابول بهێڵێتەوە.
بەپێی رێککەوتنی تاڵیبان و ئەمەریکا، واشنتن تا سەرەتای مانگی 9ـی ئەمساڵ هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە.
تاڵیبان بزووتنەوەیەکی چەکداریی توندڕەوی ئەفغانییە. لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی وڵاتەکەیدا گرت و لە ساڵی 2001 لە ئەنجامی هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، دەسەڵاتەکەی رووخێندرا.