پارتی ئازادی كوردستان: ئێران بۆ ده‌ركردنمان فشاری خستووه‌ته‌ سه‌ر حزبه‌كانی هه‌رێم

"ئێران ترسی له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌یه‌"

K24 - هه‌ولێر:

فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی پارتی ئازادی کوردستانی ڕۆژھەڵات دەڵێت: کۆماری ئیسلامی ئێران فشاری خستۆتە سەر بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان و عێراق، کە ئەوان لەخاکی ھەرێمی کوردستان دەربکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە نزیکەی دوو ساڵە چەکدارەکانی ئەو پارتە لە شەڕی دژ بەداعشن و توانیوایانە چەندین پەلاماری چەکدارەکانی داعش تێکبشکێنن لە ڕۆژئاوای کەرکووك، فەرماندەو پێشمەرگەکانی ئەو پارتە لەسەنگەرەکانی ڕووبەڕوونەوەی داعشەوە دەڵێن؛ کۆماری ئیسلامی ئێران ترسی سەربەخۆیی کوردستانی ھەیە، بۆیە ھەڕەشەکانی چڕکردۆتەوە.

پارتی ئازادی کوردستانی ڕۆژھەڵات لەلایەک شەڕی داعش دەکەن و لەلایەکیش خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر ھەڕەشەیەکی کۆماری ئیسلامی ئێران.

فەرماندەی گشتی ئەم ھێزە باس لەوە دەکات کە  کۆماری ئیسلامی ئێران، نەک تەنھا لەسنورەکانی وڵاتەکە بەڵکو، ڕازی نەبووە بەوەی کە لەسەنگەرەکانی پێشمەرگەیشەوە شەڕی داعش بکەین و بەردەوام فشاریان دروست کردووە بۆ دورخستنەوەی ھێزەکانمان.

فەرماندە باڵاکانی پارتی ئازادی کوردستان، کە لەدوای ڕاگەیاندنی شۆڕشی چەکداری چەند چالاکییەکی سەربازییان ئەنجامداوە، باس لەوە دەکەن کە ھەڕەشەکانی ئێران ھەڕەشەی جدی نین بەڵکو ترسی ئەو وڵاتەیە لەبەرەو پێش چوونی کورد لەناوچەکەدا.

بەلای بەشێك لەپێشمەرگەکانی پارتی ئازادی کوردستانەوە کە لەڕۆژئاوای کەرکووك جێگیرن ئەوان لەڕێگای چالاکییە چەکدارییەکانیانەوە توانیان بەجیھان بڵێن کە ئێران دوورگەیەکی ئارام و ھێمن نیە چی دیکە.