رێژەی بێکاری لە تورکیا زیادیکردووە
K24 – هەولێر:
دامەزراوەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، رێژەی بێکاری لە مانگی شوبات بەرێژەی 0.2% زیادیکردووە و کۆی رێژەی بێکاریش لە تورکیا گەیشتە 10%.
بەگوێرەی راپۆرتی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، رێژەی بێکاری مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە 9.8% بووە بەڵام رێژەکە بۆ مانگی شوبات لە 0.2% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 10%.
بە گوێرەی ئامارەکە، 8.7%ـی پیاوان و 12.6%ـی ئافرەتان لە تورکیا بێکارن. هاوکات رێژەی بێکاری لەنێوان گەنجانی تەمەن 15 بۆ 24 گەیشتووەتە 19.2%. هەروەها دامەزراوەی ئاماری تورکیا ئەوەشی روونکردووەتەوە، ژمارەی بێکاران لە تورکیا گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 514 کەس و بە بەراورد لەگەڵ مانگی کانوونی دووەم، 65 هەزار بێکار زیادبووە و 361 هەزار کەسیش لە کارەکانیان دابڕاون و کۆی گشتی ئەوانەی لە تورکیا دامەزراون بۆ 31 ملیۆن و 460 هەزار کەس کەمبووەتەوە.
لە کاتێکدا رۆژی 14ـی ئایاری داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەدەچێت و یەکێک لە دۆسیە گرنگەکان کە بابەتی گەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنە و رەخنەیەکی زۆریش لە بارەیەوە ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئاکپارتی دەسەڵاتدار دەکرێت، بریتییە لە دۆسیەی ئابووری و خراپی گوزەرانی هاووڵاتییانی تورکیا، بەتایبەتی دوای دابەزینی بەهای لیرە لە ماوەی رابردوو.