وەزیری بەرگری فەرەنسا: پەیوەندییەکی دۆستانە و رۆحیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە
K24 – هەولێر:
وەزیری بەرگری فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە پەیوەندی لەمێژینەی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، پەیوەندیەکی دۆستانە و رۆحیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە.
رۆژی چوارشەممە (19ـی تەمموزی 2023)، سباستیان لیکۆرنو، وەزیری بەرگری فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و خۆشحاڵی بە سەردانەکەی راگەیاند و گوتی، یەکەمجارە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەم و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، پەیوەندیەکی دۆستانە و رۆحیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئەم سەردانە لەیادناکەم.
سـباستـیان لیکۆرنو ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا مەترسی داعش کۆتایی نەهاووە و دەبێت لە هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوام بین.
هاوکات باسی لەوەشکرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەبێت لە هەماهەنگی هەواڵگری و مەشقپێدانەوە هاوکاری زیاتری یەکتر بکەین.
رۆژی چوارشەممە (19ـی تەمموزی 2023)، سـباستـیان لیکۆرنو، وەزیری بەرگری فەرەنسا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجامدا.
هەروەها وابڕیارە سبەی پێنجشەممە (20ـی تەمموزی 2023) سباستیان لیکۆرنو، وەزیری بەرگری فەرەنسا لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە.
رۆژی سێشەممە (18ـی تەمموزی 2023)، وەزیری بەرگری فەرەنسا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری بەگری عێراق کۆبووەوە و سەربازان و تیمی راوێژکاری سوپای وڵاتەکەی لە عێراق بەسەرکردەوە، دوای ئەوەی لەمیانی سەردانەکەی بۆ ناوچەکە، لە سعوودیە و قەتەر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان فەرەنسا و وڵاتانی کەنداویان تاوتوێکرد.
ئەم سەردانەی وەزیری بەرگری فەرەنسا لە کاتێکدایە؛ بە درێژایی شەڕی دژی داعش وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی فەرەنسا چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. تا ئێستا دوو سەرۆککۆماری فەرەنسا سەردانی هەولێریان کردووە؛ لە ئەیلوولی ساڵی 2014، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری پیێشووی فەرەنسا سەردانی هەولێری کرد و لە ئابی ساڵی 2021یش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئێستای فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
فەرەنسا یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش. لە سەرەتای ساڵی 2014 و بە درێژایی شەڕی داعش هاوکارێکی سەرەکی هێزەکانی پێشمەرگە بووە. لە هەمان ساڵ و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، کە ئەمەریکا سەرۆکایەتی دەکرد، فەرەنسا 120 سەربازی سوپای وڵاتەکەی ناردە هەولێر و بەغدا بەمەبەستی مەشق و راهێنانکردن و هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، کە دواتر ژمارەی سەربازەکانی لە هەرێمی کوردستان ساڵ بە ساڵ زیادی کرد.