باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ کوردستان24: یاسای سزادانی عێراقی هەموو سزایەکی تایبەت بە تاوانی جەنگ لەخۆناگرێت

بێس ڤان، باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ دادپەروەری و تاوانە نێودەوڵەتییەکان
بێس ڤان، باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ دادپەروەری و تاوانە نێودەوڵەتییەکان

K24 - هەولێر:

باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ دادپەروەری و تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24 تایبەت بە تاوانەکانی داعش لە دژی ئێزدییەکان رایگەیاند، یاسای سزادانی عێراقی، سزادانی جینۆساید لە دژی مرۆڤایەتی یاخود هەموو سزایەکی تایبەت بە تاوانی جەنگ لەخۆناگرێت،

بێس ڤان، باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ دادپەروەری و تاوانە نێودەوڵەتییەکان راشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆڵێکی زۆر گرنگی لە دڵنیاییدان بۆ گەڕاندنەوەی ئێزدی و ئاوارەکانی دیکە بۆ زێدی باو و باپیرانیان و جێبەجێکردنی تەواوی یاسای رزگاربوانی ئێزیدی هەیە.

وەک بێس ڤان ئاماژەی پێدا، زۆربەی ئەو تاوانانەی داعش ئەنجامیداون تاوانی دڕندانەن. گوتیشی: یاسای سزادانی عێراقی، سزادانی جینۆساید لە دژی مرۆڤایەتی یاخود هەموو سزایەکی تایبەت بە تاوانی جەنگ لە خۆناگرێت، بۆیە زۆربەی کەیسەکانی تاوان بەشێوەیەکی گشتی تەنیا تاوانی تیرۆریستی بوونە.

باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ دادپەروەری و تاوانە نێودەوڵەتییەکان روونیشیکردەوە، یونیتاد، کە لیژنەیەکی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ پشتیوانیکردنی دادپەروەری لە تاوانەکان لە عێراق، توانیویەتی تەنیا زانیاری لەبارەی کەیسەکانی تاوانی جەنگ و جینۆساید بە کۆمسیۆنی تایبەت بە تاوانەکانی جەنگ لە دژی مرۆڤایەتی وجینۆساید بدات.

راشیگەیاند، یونیتاد نەیتوانیوە بە شێوەی کردەیی هاوکاربێت لە هەموو کەیسە تیرۆریستییەکان. بێس ڤان بە گرنگی دەزانێت عێراق لە بەغداوە یاسای فراوانتر بۆ تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید کارا بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم سزایانە بسەپێندرێن و یونیتادیش بتوانێت لە رێگەی ئەو زانیاری و بەڵگانەی کۆیکردوونەتەوە پشتیوانی لەم سزا سەپێندراوانە بکات. ئەمەش دڵنیایی دەدات، هەموو ئەو تاوانانەی ئەندامانی داعش پێی تۆمەتبارکراون لە دادگا خۆجێییەکان سزابدرێن.