رۆیتەرز: ئەمەریکا و ئیسرائیل و میسر لەسەر راگرتنی شەڕ لە باشووری کەرتی غەززە رێککەوتن

بە شێوەیەکی کاتی شەڕ لە غەززە راگیرا

هاوارکردنی پیاوێكی فەڵەستینی دوای هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی خان یونس لە کەرتی غەززە - وێنە: AFP
هاوارکردنی پیاوێكی فەڵەستینی دوای هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی خان یونس لە کەرتی غەززە - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

ئاژانسی رۆیتەرز لەسەرزاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە،ئەمریکا و ئیسرائیل و میسر لەسەر راگرتنی شەڕ لەباشووری کەرتی غەززە رێککەوتوون، رێککەوتنەکەش لەئەمڕۆە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

رۆیتەرز باسی لەوەشکردووە، رێککەوتنەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیل و میسر، لەسەر راگرتنی شەڕ لەباشووری کەرتی غەززە، کردنەوەی دەروازی رەفەحی بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆی بۆ غەززە تێدایە.

لەبەرانبەردا، بزوتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوەدا، ئاگاداری وەها رێککەوتنێک نین و زانیاریان لەو بارەیەوە پێنەگەیشتووە.

هاوکات، نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەتیکردەوە رێککەوتننیان بۆ وەستانی شەڕ لە باشووری غەززە ئەنجامدابێت و جەختی لەوەکردەوە، تەنها رێگە بە هەڵگرانی رەگەزنامەی بیانی دەدەن غەززە بەجێبهێڵن.

بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی لەلایەن حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە کوژراون گەیشتووەتە هەزار و 400 کەس، کە لەو ژمارەیە 291 یان سەربازن.

هاوکات، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوان بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە گەیشتووەتە نزیکەی دوو هەزار و 700 کەس، بریندارەکانیش دە هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاماژەی بەوەشداوە، نزیکەی 50 هەزار ژنی دووگیان لە کەرتی غەززە هەن کە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان وەک پێویست بۆ دابین نەکراوە.

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرە فەڵەستینییەکان ناسراو بە (ئۆنروا) بڵاویکردەوە، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا بەهۆی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە ئاوارە بوون.