عێراق لەسەر دۆخی پەکەکە و تورکیا شاندێکی ئەمنی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات
حکوومەتی عێراق، بۆ تاوتوێكردنی پەرەسەندنی گرژییەكانی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان، شاندێکی ئەمنی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات، ھاوكات وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، وڵاتەکەی سوورە لەسەر دروستکردنی ڕێڕەوێکی ئەمنی بە قووڵایی 30 بۆ 40 کیلۆمەتری بە درێژایی سنوورەکانی لەگەڵ عێراق و سووریا.
ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق پەرەسەندنی گرژییەكانی پەكەكە و توركیا لە سنووری ھەرێمی كوردستان بە پێشێلكردنی سەروەری عێراق دەزانێت، لەبەرامبەردا توركیا بەنیازە بە قووڵایی 30 بۆ 40 كیلۆمەتر رێرەوی ئەمنی لە عێراق دروست بكات..
بە سەرپەرشتی محەممەد شییاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لەشکرکێشی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان ڕەت کرایەوە و ئەنجوومەنەكە داواش لە تورکیا دەکات ڕەچاوی بنەماکانی درواسێتی باش بکات.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی ئەنجوومەنەکە، سوودانی، شاندێک بە سەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەنێرێتە هەرێمی کوردستان و بۆئەوەی بەیەکەوە تاوتوێی دۆخی ئەمنی ناوچە سنوورییەکان بكەن.
لە بەرامبەردا یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی سوورە لەسەر دروستکردنی ڕێڕەوێکی ئەمنی بە قووڵایی 30 بۆ 40 کیلۆمەتر بە درێژایی سنوورەکانی لەگەڵ عێراق و سووریا.
ئەم ھەڵوێستەی حكوومەتی عێراق لە كاتێكدایە كە پێشتر ئیبراهیم سومەیدەعی، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند، توركیا لە هێرشەكانی بۆ سەر پەكەكە لە سنووری هەرێمی كوردستان، هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا هەیە.
پەرەسەندنی گرژییەكانی پەكەكە و توركیا لە سنووری ھەرێمی كوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێوە، بوونی پەكەكە بیانوی زیاتر بە توركیا دەدات، بە جۆرێک كە ڕۆژ بە ڕۆژ خاڵ و بنکەی سەربازیی زیاتر جێگیر دەکات.