ئاگر لە بازاڕی شۆرجەی بەغدا کەوتەوە

عەبدولموتەلیب عەلەوی، پارێزگاری بەغدا
عەبدولموتەلیب عەلەوی، پارێزگاری بەغدا

بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکان، ئاگر لە ناوچەیەکی بازرگانیی شۆرجەی بەغدا کەوتەوە، ڕووداوی ئاگرەکە تەنها زیانی ماڵی هەیە و زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، وەک زانراوە، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.

سێشەممە 16ـی تەممووزی 2024، ئاگر لەناوچەیەکی بازرگانیی نزیک شۆرجەی بەغدا کەوتەوە و زیانی بە ناوچە بازرگانییەکە گەیاند.

عەبدولموتەلیب عەلەوی، پارێزگاری بەغدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند:ڕووداوی ئەو ئاگرە لە ناوچەیەکی بازرگانیی ڕوویداوە نزیک ناوچەی شۆرجەی ڕەسافە لەبەغدا ، ئەو ناوچەیە پرە لە کۆگای بازرگانیی، گوتی:   کۆگاکان چەندین جۆر کاڵای تێدایە کە خێرا دەسووتێن، دەشڵێت: هۆکاری ڕووداوەکانی ئاگر پەیوەستە بە نەبوونی پابەندییەکان بە مەرجی سەلامەتی.

پارێزگاری بەغدا ڕایگەیاند: تیمەکانیان تێبینی دەدەن و ڕێنوێنی دەدەن بە ئەوانەی کۆگای بازرگانیان هەیە، بەڵام هەندێکیان پابەند نابن، زیان بەوانی دیکەش دەگەیەنن، هاوکات زیان بە ئابووری دەگەیەنن، دەشڵێت: ئەو جۆرە ڕووداوانە چەندین جار لەبەغدا و پارێزگاکانی دیکە دووبارە دەبنەوە، گوتی: توندترین ڕێکار بەرامبەر ئەوانە دەگرینە بەر کە پابەند نابن بە ڕێکارەکان و ڕێنماییەکان، دەڵێت: چاوپۆشی لە کەس ناکەین، ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و مەترسی نەماوە، زیانی ماڵی هەیە و هیچ زیانێکی گیانی نییە.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداش بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد،بەرگریی شارستانیی توانی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکات و دەڵێت: تەواوی تواناکانی خۆمان بەکارهێنا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، ڕێکاری پێویستیش دەگرینە بەر بەرامبەر ئەوانەی کەمتەرخەم بوون.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، هۆکاری ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە، شۆرتی کارەبا بووە، بۆماوەی پێنج کاتژمێرە ئاگرەکە بەردەوامە و پەنجا تیم هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدەن.

هەر بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لەو مانگەدا دووەم جارە ئاگر لەبازاڕی شۆرجەی بەغدا دەکەوێتەوە.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا