هێزه‌كانی عێراقی ده‌چنه‌ ناو‌ به‌رتله‌

K24 – هه‌ولێر

هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عێراقی چوونه‌ ناو ناحیه‌ی به‌رتله‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی موسڵ.

هێزی دژه‌ تیرۆری عێراقی چاوه‌ڕوان ده‌كریت وه‌ك یه‌كه‌م هێز بچێته‌ ناو شاری موسڵ و به‌ره‌ورووی به‌رگرییه‌كی سه‌ختی داعش ده‌بێته‌وه‌ كه‌ به‌ لێدانی سه‌نگه‌ر له‌ناوچه‌كانی نێشته‌جێبوون خۆی بۆ شه‌ڕێكی سه‌خت ئاماده‌ كردووه‌.

پێشتر جه‌نه‌راڵ مه‌عن سه‌عدی فه‌رمانده‌ی هێزی دژه‌ تیرۆری عیراق رایگه‌یاند هێزه‌كانیان به‌ره‌و ناحیه‌ی به‌رتله‌ پێشڕه‌وی ده‌كه‌ن، كه‌ به‌ پشتگیری هه‌وایی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و تۆپبارانێكی چڕ رۆژی چواره‌می ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ دووه‌م شاری گه‌وه‌ری عێراق به‌رده‌وامه‌.

پێشره‌وی هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عێراق له‌ به‌رتله‌ له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ ناوچه‌كانی باكوور و باكووری رۆژهه‌ڵاتی موسڵ ده‌ستی به‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی فراوان كردووه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی ژماره‌یه‌ك گوندی ناوچه‌ و كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌ ستراتیژییه‌كان بۆ هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی دژی داعش.

 كاروانێكی هێزی دژه‌ تیرۆری عێراقی له‌ 100 سه‌رباز پێكهاتووه‌ چووه‌ ناو سه‌نته‌ری ناحیه‌ی به‌رتله‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ 15 كیلۆمه‌تری رۆژهه‌ڵاتی شاری موسڵ.