سێنتکۆم: دەستمان بە هێرشکردنە سەر ئێران کردەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ئاشکرای کرد، بە فەرمانی ترەمپ هێرشی نوێمان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، ئەم هێرشانەش بە مەبەستی پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی تارانە لە گەرووی هورمزدا.

چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بە رێنمایی و فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە، هێزەکانیان دەستیان بە ئەنجامدانی هێرشی نوێی چڕ دژی ئێران کردووە؛ ئەمەش بە مەبەستی تێکشکاندن و لاوازکردنی زیاتری تواناکانی تارانە لە هەڕەشەکردن لەسەر ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی سێنتکۆم، ئەمریکا، ئێران بە تەواوی بەرپرسیار دەکات لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژییە ناڕەوایانەی ئەم دواییەی کە کرانە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و تیمە مەدەنییەکانیان، لە گەرووی هورمزدا.

کەمێک لەمەوبەر بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی ئەکسیۆسی راگەیاندبوو، هێزەکانی سوپای ئەمریکا هێرشی سەربازیی فراوانیان بۆ سەر چەند ئامانجێکی ئێران لە ناوچەی ستراتیژیی گەرووی هورمز دەستپێکردووە.

لای خۆیەوە سەرچاوە میدیاییەکانی ئێران پشتڕاستیان کردبووەوە، کە دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە لە شارەکانی بەندەر عەباس و سیریکی لە باشووری وڵاتەکە بیستراون.