میدیاکانی ئێران: دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستران
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی ئەکسیۆسی رایگەیاند، هێزەکانی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکان هێرشی سەربازیی فراوانیان بۆ سەر چەند ئامانجێکی ئێران لە ناوچەی ستراتیژیی گەرووی هورمز دەستپێکردووە؛ هاوکات سەرچاوە میدیاییەکانی ئێران پشتڕاستیان کردووەتەوە کە دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە شارەکانی بەندەر عەباس و سیریکی لە باشووری وڵاتەکە بیستراوە.
چوارشەممە 8ـی تەممووزی 2026، بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی رایگەیاند هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی دەستیان بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی ئێران لە ناوچەی ستراتیژیی گەرووی هورمز. هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانەدا، سەرچاوە ئێرانییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە باشووری وڵاتەکە بیستراوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشی داوە، هێرشەکانی ئەمشەو فراوانتر و توندتربوون لە هێرشەکانی دوێنێ شەو، هەروەها باسی لەوەش کرد، لە هێرشەکانی ئەم جارەدا، بنکە ڕادارەکان، سیستەمی بەرگریی و سەکۆییەکانی مووشەک هاوێژی سوپای پاسدارانیان لە کەناراوەکان پێکاوە.
ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی بڵاوی کردەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە دەوروبەری شاری بەندەر عەباس لە باشووری وڵاتەکە چالاک کراون و رووبەڕووی چەند هێرشێک بوونەتەوە. هاوکات میدیا ناوخۆییەکانی ئێران ئاماژەیان بەوە داوە، دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە لە شارەکانی بەندەر عەباس و سیریک بیستراوە.
میدیاکانی ئێران جەختیان لەوەش کردووەتەوە، دەنگی تەقینەوەکان لە چەندین ناوچەی جیاوازی پارێزگای هورموزگان تۆمار کراوە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە دوورگەی سیریک چالاک کراوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکان. دۆخەکە لە کەناراوەکانی باشووری ئێران بە تەواوی ئاڵۆز بووە و هێزەکانی هەردوولا لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.
دوێنێ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی دابوو، بە ئامانجی سزادانی تاران و لاوازکردنی تواناکانی لە تێکدانی ئاسایشی دەریایی، زیاتر لە 80 ئامانجی جیاوازییا لە باشووری ئێران پێکاوە.
هەروەها سوپای پاسدارانی لە وەڵامدا راگەیاندبوو؛ 85 پێگەی سەربازی ئەمریکای لە هەردوو وڵاتی بەحرەین و کوەیت کردووەتە ئامانج. تاران ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە.