داعش هێرشه خۆكوژییه‌كانی له موسڵ زیاتر كردووه
K24 – هه‌ولێر
ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌كانی عێراقی بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ رووبه‌ڕووی به‌رگرییه‌كی توندی داعش به رێگه‌ی هێرشه خۆكوژییه‌كانی بووه‌ته‌وه.
هێزه‌كانی دژه تیرۆر، رۆژی هه‌ینی ناوچه‌یه‌كی زیاتریان له به‌ری چه‌پی شاری موسڵ كۆنترۆڵ كرد، كه هاوكاته له‌گه‌ڵ زیادبوونی هێرشه خۆكوژییه‌كانی داعش.
له دوایین ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ، هێزه‌كانی دژه تیرۆر هێرشیان كرده سه‌ر گه‌ڕه‌كی ته‌حریر له باكووری رۆژهه‌ڵاتی موسڵ و به توندتربوونی شه‌ڕ له‌م گه‌ڕه‌كه، دانیشتوانه‌كانی به به‌رزكردنه‌وه‌ی په‌ڕۆی سپی ماڵه‌كانیان به‌جێهشت و ئاواره بوون.
به‌پێی ئاژانسی رۆیته‌رز، ژنه‌كانی ئه‌م گه‌ڕه‌كه پاش ئه‌وه‌ی له ده‌ست داعش رزگاریان بوو، ئه‌و روپۆشه ره‌شه‌یان فرێ دا، كه له لایه‌ن داعشه‌وه به‌سه‌ریاندا سه‌پێنرابوو.
جه‌نه‌راڵ عه‌بدولوه‌هاب سه‌عیدی له هێزه‌كانی دژه تیرۆر رایگه‌یاند به‌هۆی هاووڵاتیانه‌وه پێشڕه‌وییه‌كانیان به هێواشی به‌رێوه ده‌چن و هێزه‌كانیان كه له لایه‌ن ئه‌مریكاوه مه‌شق و راهێنانیان پێكراوه، ته‌واوی گه‌ڕه‌كه‌كه كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن.
هه‌ر له‌م گه‌ڕه‌گه ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره بیسترا و به‌رپرسێكی سه‌ربازی گوتی خۆته‌قاندنه‌وه‌ی چه‌كدارێكی داعش بوو، پاش ئه‌وه‌ی له‌ناو ماڵێكدا ئابڵۆقه درابوو.
هێزه‌كانی دژه تیرۆر فڕۆكه‌ی چاودێری dron به‌كار ده‌هێنن بۆ دیاریكردنی شوێنی چه‌كدارانی داعش.
سه‌ركرده‌یه‌كی داعش به گۆڤاری هه‌فتانه‌ی داعش، "النبأ" رایگه‌یاند ژماره‌ی چه‌كداره خۆكوژه‌كانیان زیاتر كردووه. گوتیشی ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كداره‌كانیان داوایان كردووه كرده‌وه‌ی خۆكوژی ئه‌نجام بده‌ن، كه به ئۆپه‌راسیۆنی "استشهاد" ناوی بردووه.
به هێواشی به‌ڕێوه‌چوونی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ له سه‌ره‌تاكانی مانگی دووه‌می ئۆپه‌راسیۆنه‌كه هاوكاته له‌گه‌ڵ پێشره‌وییه خێراكانی حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه‌كانی رۆژئاوای موسڵ به‌ره‌و ته‌له‌عفه‌ر و دواترین ده‌ستكه‌وتیان كۆنترۆڵكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازی ته‌له‌عفه‌ره.