وێنە و ڤیدیۆ.. کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ئینستاگرام ئۆتۆمبێڵە نوێیەکەی نمایشکرد
کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەتوانێت بە 42 چرکە خێرایی ئۆتۆمبێڵەکەی بگەیەنێتە 420 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا
K24- هەولێر
بوگاتی چیرۆنی 2017 دەبێتە ئۆتۆمبێڵێکی دیکەی هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکە و دەبێتە یەکێک لەو ئۆتۆمبێڵانەی لە گەراجی ماڵەکەی رۆناڵدۆ دەوەستن.
کریس لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام ڤیدیۆیەکی خۆی و جۆنیۆری کوڕی بڵاوکردووەتەوە، کاتێک بوگاتی چیرۆن لێدەخوڕێت، کە چەند مانگێک لەمەوبەر هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکەی ریال مەدرید لە ریکڵامێکی ئەم ئۆتۆمبێڵە دەرکەوت.
نرخی ئۆتۆمبێڵە نوێیەکەی کریس دەگاتە نزیکەی سێ ملیۆن دۆلار و ئەم ئۆتۆمبێڵە تازەیەی دۆن یەکێکە لە خێراترین ئۆتۆمبێڵەکانی ئێستای جیهان و دەتوانێت بە خێرایی 420 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بڕوات.
کریس تەنیا دوو چرکە و نیوی پێویستە تاکو بە خێرایی 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ئۆتۆمبێڵە نوێیەکەی لێبخوڕێت، ئەگەر کریستیانۆ بشیەوێت بگاتە بەرزترین لوتکەی خێرایی، ئەوا تەنیا بە 42 چرکە دەتوانێت لە سفرەوە خێرایی ئۆتۆمبێڵەکە بگەیەنێتە 420 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
کریستیانۆ کە داهاتی ساڵانەی دەگاتە 93 ملیۆن دۆلار، لە 10 ساڵی رابردوو زیاتر لە 20 ئۆتۆمبێڵی کڕیوە و ئەمە یەکەم مۆدێلی بوگاتی نییە، کریس هەیبێت، بەڵکو چەند مانگێک لەمەوبەر بە ملیۆنێک و 700 هەزار دۆلار دانەیەکی لە مۆدێلی بوگاتی ڤەیرۆنیش کڕی و لە گەراجی ماڵەکەی لامبۆرگینی و بی ئێم دەبلیو و مێرسیدیس و بێنتلی و پۆرش و ئاودی و فێراریش هەیە.
نرخی ئۆتۆمبێڵەکانی کریستیانۆ دەگاتە نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار، بەڵام لەوانەیە ئۆتۆمبێڵە نوێیەکەی کریس لە هەموویان زیاتر لای رۆناڵدۆ سەرنجڕاکێش بێت، چونکە تەنیا چەند دانەیەکی کەم لەم جۆرە لە جیهاندا هەن و یەکێکە لە گرانبەهاترین و خێراترین ئۆتۆمبێڵەکانی ئێستای جیهان.



