بەوێنە.. یوێفا لێکۆڵینەوە لە رووداوی ماچکردنی پێی مێسی لەلایەن هاندەرێکی پۆرتوگاڵییەوە دەکات
هاندەرێکی پۆرتوگاڵی پێی مێسی ماچکرد و کاردانەوەی زۆری هەبوو
K24- هەولێر
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بڕیاری دا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی یاریی بارسێلۆنا و سپۆرتینگ لیسبۆن بکات، دوای ئەوەی لە یارییەکە هاندەرێک پێی مێسی ماچکرد.
هاندەرێکی پۆرتوگاڵی لە کاتی یاریی نێوان سپۆرتینگ لیسبۆن و بارسێلۆنا کە لە پۆرتوگاڵ بەڕێوەچوو، خۆی لە پیاوانی ئاسایشی یاریگەکە دزییەوە و چووە ناو یاریگە و قسەی لەگەڵ مێسی کرد، دواتر پێی مێسی ماچکرد، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و شەوی یارییەکە رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی نووسیبووی 'مێسی تۆ چەند مەزنیت، لە ماڵەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ هاندەران پێت ماچ دەکەن'.
یوێفا بڕیاری دا لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکبهێنێت و لێژنەکە لێکۆڵینەوە لەگەڵ یانەی سپۆرتینگ لیسبۆن دەکات، چونکە پیاوانی ئاسایشی یاریگەی یارییەکە بە هۆکارێکی رووداوەکە هەژمار دەکرێن.
رۆژنامەکانی سپۆرت و مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ لە ژمارەی ئەمڕۆ هەینییاندا چەندان وێنەی هاندەری دیکەیان بڵاوکردووەتەوە و نووسیویانە 'ئەمە یەکەمجار نییە هاندەران کڕنووش بۆ مێسی دەبەن'





