ئەو کێشانەی لەم وەرزە بەرۆکی ریال مەدریدیان گرتووە

یەدەگەکان ناتوانن شوێنی یاریزانە سەرەکییەکان پڕ بکەنەوە و هێرشبەرەکانیش کێشەی گۆڵکردنیان هەیە

K24- هەولێر

پێش دەستپێکردنی ئەم وەرزە هاندەرانی ریال مەدرید بەهۆی بەدەستهێنانی جامی سوپەری ئیسپانیا و ئەوروپا پێشبینی وەرزێکی دیکەی نایاب و پڕدەستکەوتیان کرد، بەڵام هەفتەی رابردوو ریال مەدرید لە ماوەی چوار رۆژدا دوو یاریی لەسەر یەک دۆڕاند و هاندەرانی یانە مەدریدییەکە شۆک بوون.
ریال مەدریدی پاڵەوانی وەرزی رابردووی لالیگا و چامپیۆنزلیگ لەوەتەی زیدان بووەتە راهێنەری یانەکە یەکەمجارە دوو یاری لەسەر یەک بدۆڕێنێت و شکستەکەی مێرێنگی بەرامبەر تۆتێنهامیش گەورەترین شکستی ژیانی راهێنەرایەتی زیدان بوو.
گەرچی زیزۆ پێیوایە تیپەکەی لە قەیراندا نییە، بەڵام لۆس بلانکۆس بەدەست چەند کێشەیەکەوە دەناڵێنێت.
گەرچی لە سەرەتای وەرزداین، بەڵام یاریزانانی ریال مەدرید ماندوو دەردەکەون و لە رووی توانای جەستەییەوە یاریزانەکان تەواو ئامادە نین، تەنانەت لە دوایین یاریی یانەکەدا، یاریزانانی ریال مەدرید 11 کیلۆمەتر و نیو کەمتر لە یاریزانانی تۆتێنهام هۆتسپێرس رایان کردبوو، کە زیزۆ دوای یارییەکە دانی بە خراپی توانای جەستەیی یاریزانەکانی دانا.
کێشەیەکی دیکەی دەستپێکی ئەم وەرزەی ریال مەدرید تۆمار نەکردنی گۆڵە بە لێدانی سەر، پێچەوانەی وەرزی رابردوو تاکو ئێستا سەری کریستیانۆ رۆناڵدۆ و سێرخیۆ رامۆس و کەریم بێنزێما هیچ گۆڵێکیان بۆ مێرێنگی نەکردووە.
کێشەیەکی دیکە ئەم وەرزە بەرۆکی تیپەکەی زیزۆی گرتووە کەمی گۆڵە، گەرچی زیدان رەتیدەکاتەوە قەیرانی گۆڵکردنیان هەبێت، بەڵام تاکو ئێستا لە لالیگا ریال مەدرید لە 10 یاری تەنیا 19 گۆڵی کردووە، واتە بە رێژەی کەمتر لە دوو گۆڵ لە یارییەک.
هەر چوار هێرشبەرەکەی پێشەوەی ریال مەدرید (کریستیانۆ رۆناڵدۆ، گاریس بەیل، کەریم بێنزێما و بۆرخا مایۆرال) بەیەکەوە تەنیا پێنج گۆڵیان کردووە، لە کاتێکدا مێسی بە تەنیا 12 گۆڵی بۆ بارسا کردووە، واتە لیۆ زیاتر لە دوو ئەوەندەی هێرشبەرەکانی ریال مەدرید گۆڵی کردووە.
یەدەگەکانی ریال مەدرید لە ئاستی یاریزانە سەرەکییەکانی یانەکەدا نین، لە کاتێکدا وەرزی رابردوو یەدەگەکانی یانەکە نهێنی سەرکەوتنەکانی ریال مەدرید بوون و هەر کاتێک یاریزانە سەرەکییەکان تووشی پێکان دەبن یەدەگەکان ناتوانن بەپێی پێویست شوێنیان پڕ بکەنەوە.

سێرخیۆ رامۆس
سێرخیۆ رامۆس