گواردیۆلا: متمانەمان بەخۆمان هەیە بگەینە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ

یۆرگن کلۆپ: نازانم چۆن نەمانهێشت مان سیتی یەک شووتیش ئاڕاستەی گۆڵەکەمان بکات

دوای یارییەکەیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی کە بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنیان بەدەتسهێنا، یۆرگن کلۆپ ستایشی ئاستی یاریزانەکانی کرد و گوتی نازانم چۆن رێگامان بە مانچێستەر سیتی نەدا بە درێژایی یارییەکە هیچ شووتێک ئاڕاستەی گۆڵەکەمان بکەن، پیپ گواردیۆلاش رەتیکردەوە هیوایان لەدەست دابێت و گوتی جگە لە 15 خولەکی سەرەتا ئاستێکی بەرزمان پێشکەش کرد و 6 رۆژیشمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە قۆناخی پێشکۆتایی

پیپ گواردیۆلا، بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر سیتی ئینگلیزی
ئێمە جگە لە 15 خولەکی سەرەتای یارییەکە ئاستێکی باشمان پێشکەشکرد، بەڵام هەمیشە یاریکردن لە یاریگەی ئانفێڵد سەختە، ئێمە نەمانتوانی بە باشی بەرگری بکەین، لە گۆڵی یەکەم هەڵەمان کرد و دواتریش چامبێرلەین بە شووتێک گۆڵێکی جوانی کرد، ئێمە لە نیوەی دووەم ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد، بەڵام پێویستمان بە تۆمارکردنی گۆڵێک بوو، کەچی نەمانتوانی گۆڵ تۆمار بکەین، چونکە ئەوان بەرگرییەکی پتەویان دەکرد، رۆبێرتسۆن و ئالێکسانێر ئارنۆڵد ئاستێکی بەرزیان پێشکەش دەکرد.

ئێمە متمانەمان لەدەست نەداوە و 6 رۆژمان لەبەردەمە بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە قۆناخی پێشکۆتایی و متمانەمان بەخۆمان هەیە بتوانین کاتێک میواندارییان دەکەین قەرەبووی ئەم ئەنجامە بکەینەوە.

یۆرگن کلۆپ، بەڕێوەبەری هونەری لیڤەرپوولی ئینگلیزی
ئەنجامەکە لە هەموو شتێک بۆ من گرنگترە، بەڵام پێش یارییەکە چاوەڕێم نەدەکرد ئاستێکی وا بەرز پێشکەش بکەین، من پێش یارییەکە هیوام دەخواست بتوانین رکابەریان بکەین، بەڵام ئێمە بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتین و نەمان هێشت هیچ شووتێک ئاڕاستەی گۆڵەکەمان بکەن، نازانم چۆن توانیمان ئەمە ئەنجام بدەین، ئێمە هەوڵمان دا رێگە بە مانچێستەر سیتی نەدەین شووت ئاڕاستەی گۆڵەکەمان بکات، بەڵام ئەگەر پێش یارییەکە پێمبگوتبان ئێمە هەوڵ دەدەین هیچ شووتێک ئاڕاستەی گۆڵەکەمان نەکەن، دڵنیام پێتان دەگوتم شێت بوویمە.
ئێمە ئەمڕۆ لە باشترین یانەی جیهانمان بردەوە، بەڵام هێشتا ئێمە سەرکەوتنمان یەکلا نەبووەتەوە و مانچێستەر سیتی هەوڵ دەدات کاتێک میوانداریمان دەکات تۆڵەی خۆی بکاتەوە.
ئەمشەو ئالێکساندێر ئارنۆڵد ئاستێکی نموونەیی پێشکەشکرد، رۆبێرتسۆنیش زۆر باش بوو، ناوەڕاستکار و هێرشبەرەکانیش هاوکاریان دەکردن.
محەمەد سەڵاح دوای یارییەکە پێی گوتم سەلامەتە، بەڵام دەبێت دواتر پشکنینی پزیشکی بۆ بکەین.