حکومەتی بەشێک لە وڵاتانی جیهان لەبەر مۆندیال بڕیاری نوێ دەردەکەن

هەندێکیان یاساکانیان لەپێناوی یارییەکانی مۆندیال دەگۆڕن

هەرچەنە مۆندیالی 2018 لە رووسیا بەڕێوە دەچێت، بەڵام یارییەکانی مۆندیال حکومەتی زۆربەی وڵاتانی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و بڕیاری تایبەتیان دەرکردووە.

لەبەر مۆندیال حکومەتی بڕازیل بڕیاری داوە کاتی دەوامی حکومی لە وڵاتەکەی بگۆڕێت، بۆ ئەوەی زۆرترین کەس بتوانێت سەیری یارییەکانی مۆندیالی 2018 بکات،
بۆ ئەوەی لە کاتی دەوامکردن فەرمانبەران بە سەیرکردنی یارییەکانەوە خەریک نەبن، حکومەتی بڕازیل بڕیاری داوە ئەو رۆژانەی هەڵبژاردەی بڕازیل بەیانیان یاریی هەیە، کاتی دەوام لە کاتژمێر 02:00ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی بڕازیل دەستپێبکات، ئەو رۆژانەشی سێلیساو ئێواران یاریی هەیە، دەوام کاتژمێر 01:00ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی بڕازیل کۆتایی بێت، چونکە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان کاتی رووسیا و بڕازیل هەیە.

لە لوبنانیش بۆ ئەوەی پشێوی و ئاڵۆزی دروست نەبێت، پارێزگای بەیرووت بڕیاری داوە بەرزکردنەوەی ئاڵای وڵاتانی بیانی قەدەخە بکات، لە بەیاننامەیەکیدا پارێزگاری بەیروت داوای لە هاووڵاتیان کردووە لە کاتی مۆندیال جگە لە ئاڵای لوبنان ئاڵای هیچ وڵاتێکی دیکە هەڵنەکەن، چونکە لە مۆندیالەکانی پێشتر شەڕ و ئاژاوە لە نێوان هاندەرانی هەڵبژاردەکان دروست دەبوو.

گەرچی لە ئێران بە بڕیاری حکومەت سەیرکردنی یارییەکان لە سینەماکانەوە قەدەخەیە، بەڵام لەبەر مۆندیال حکومەتی ئێران بە شێوەیەکی کاتی ئەم یاسایەی هەڵپەساردووە و ئێرانییەکان دەتوانن لە رێگای شاشەی سینەماکانەوە سەیری یارییەکانی هەڵبژاردەکەیان بکەن.

لە میسریش، هێلی ئاسمانی میسر بڕیاری داوە تاکو رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 19 گەشتی دیکە لە میسرەوە بۆ رووسیا زیاد بکات، بۆ ئەوەی نزیکەی 3500 هاندەری میسر بۆ هاندانی محەمەد سەڵاح و هاوڕێکانی بچنە میسر، کە رۆژی هەینی داهاتوو میسر لە یەکەم یاریدا رووبەڕووی ئۆرۆگوای دەبێتەوە.