كۆمسیۆن دەرگا بۆ كاندیدان دەكاتەوە

وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدان دیار دەكرێت

K24 - ھەولێر

دوای تۆماركردنی ناوی لیست و قەوارە سیاسییەكان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆن دەرگای پێشكەشكردنی ناوی كاندیدانیشی كرده‌وه‌. بڕیاریشه‌ ھەفتەی داھاتوو تیروپشكی دەستنیشانكردنی ژمارەی قەوارەكان ئەنجامبدرێت، حزبەكانیش دەڵێن، بەر لە كۆتاییھاتنی وادەكە ناوی كاندیدەكانیان پێشكەشی كۆمسیۆن دەكەن.

پێشکەشکردنی ناوی کاندیدانی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تا 25ی ئەم مانگە به‌رده‌وام ده‌بێت، بەڕێوەبەری بەشی قەوارە سیاسییەکان لە کۆمسیۆن، رێکاره‌كانی وەرگرتنی ناوی کاندیدان شیدەكاتەوە.

ژیار دزەیی، بەڕێوەبەری بەشی قەوارە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بە كوردستان24 راگەیاند: "بۆ وەرگرتنی پاڵێوراوانی لایەنە سیاسییەكان بۆ ھەڵبژاردن، پشت بە یاسای ھەڵبژاردنی ژمارە یەكی ساڵی 1992 و ھەمواركراوی پەرلەمانی كوردستان دەبەستین، كە باس لە مەرجەكانی پاڵێوراو دەكات، دەبێت پاڵێوراو دانیشتووی ھەرێمی كوردستان بێت و تەمەنی لەسەرووی 25 ساڵ بێت و نووسین و خوێندنەوە بزانێت، كۆمەڵێك خاڵ و فۆڕمی دیكەمان ئامادەكردووە".

بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، بڕوانامە نەکراوەتە پێوەر بۆ كاندیدبوون بۆ پەرلەمانتاری، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ حزبه‌كان تا بوار بۆ ئه‌و كادیرانه‌شیان بره‌خسێنن كه‌ بڕوانامه‌یان نییه‌، بەرپرسێكی یەكێتی لە هەولێر بنەماکانی خۆیان بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان ئاشکرا دەکات.

لەوبارەوە هەژار محەمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنه‌كانی مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت: "مەرجەكانی ئێمە بۆ پاڵێوراوانی ھەڵبژاردن، پسپۆری و شوێنی جوگرافیا و پیشەیی بوونمان كردووەتە بنەما، ھەروەھا بوونی كاندید لە ھەردوو رەگەز و تەمەن لەبەرچاو دەگرین".

حزبی شیوعی كوردستان جگە لە چەند پێوەرێکی هاوبەش، مه‌رجێكی جیاوازیشی لە حزبەکانی دیکە هەیە بۆ كاندیدكردن، ئەویش هەڵگری فکری چەپ و بەرگریکردن لەو فکرەیە لەکاتی بوون بە پەرلەمانتار.

هەندرێن محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی ئاماژە بەوەدەكات: "ئەو كاندیدانەی كە لە لیستی حزبی شیوعی بن، دەبێ لەسەر ئاراستەی چەپ و دیموكراتخواز و یەكسانی خوازبن، لەسەر ئەو بەرنامەیە بەرگری لەمافی خەڵك بكەن".

بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 37 لیست و قەوارە لەگەڵ سێ هاوپەیمانێتی ناوی خۆیان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارکردووە، قەوارە سیاسییەکان دەیانەوێت بەر لە 25 مانگ ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش بکەن، بڕیاڕیشە هەفتەی داهاتوو کۆمسیۆن تیروپشك بۆ یاریكردنی ژمارەی لیستەکان رابکێشێ.

ھ.م