ئێران دەڤەری برادۆست و حاجی ئۆمەران تۆپباران دەكات

تۆپخانەكانی ئێران ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تۆپباران دەكەن

K24 - سۆران

تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران ناوچە سنوورییەكانی ناحییەی سیدەكانی سەر بە قەزای سۆران و حاجی ئۆمەران لە سنووری قەزای چۆمان تۆپباران دەكەن.

ئیحسان چەلەبی، بەرێوەبەری شارەدێی سیدەكان بە كوردستان24 راگەیاند: "لە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەكی ھەڕەمەكی ناوچە كوێستانییەكانی سنین، بەربزین و بێركم لە دەڤەری برادۆست تۆپباران دەكەن".

بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان ئاماژەی بەوەشدا، تائێستا تۆپبارانەکە بەردەوامە.

هاوکات فەرزەنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران سەر بەقەزای چۆمان بە کوردستان24ی راگەیاند: "تۆپخانەکانی ئێران بەچڕی تۆپبارانی کوێستانەکانی کونەڕێ، دۆڵی ئاڵان و کێلی خەزاڵێ، لەسنوری هەردوو گوندەكانی گوندەژۆر و ئاڵانە دەکەن".

 گوتیشی: "ئەو ناوچانەی کەوتونەتە ژێر تۆپباران پێشتر چۆڵكراون".

ھێزی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای دەكات كە تۆپخانەكانی ئێران بارەگاكانی ئەوانی لە ناوچە سنوورییەكان كردووەتە ئامانج.

لە راگەیەندراوەكەی ھێزی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدكا) هێزەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران ناوچە سنوورییەکانی سەر بە پیرانشار لە رۆژهەڵات و سنوورەکانی سەر بە باشوور لە چۆمان و سیدەکانی بە تۆپ و کردووەتە ئامانج. هەروەها بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە ناوچە سنوورییەکان کەوتووەتە بەر هێرشی تۆپخانەکانی رێژیمەوە".

ھ.م