کایا کالاس: بەبێ بەشداریی شارەزایانی ئەتۆمی، رێککەوتن لەگەڵ ئێران مەترسیدار دەبێت
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا هۆشداری دا, هەر دانوستانێک لەگەڵ ئێران بەبێ ئامادەبوونی شارەزایانی ئەتۆمی ئەنجام بدرێت، دەبێتە هۆی هاتنەدی رێککەوتنێکی لاواز و دروستبوونی "ئێرانێکی مەترسیدارتر". کالاس جەختی کردەوە پێویستە لە دانوستانەکاندا باس لە پرسی مووشەکەکان و چالاکییە ئەلیکترۆنییەکانی تاران لە ناو ئەوروپا بکرێت.
ئەمڕۆ هەینی 24ـی نیسانی 2026، لە پەراوێزی لووتکەیەکی نا فەرمیی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە قوبرس، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە بۆ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، کە بەشداریی شارەزایانی بواری ئەتۆم لە گفتوگۆکانی تاران پێویستییەکی حەتمییە.
کالاس گوتی: "ئەگەر دانوستانەکان تەنیا لەسەر مەلەفی ئەتۆمی کورت بکرێنەوە و شارەزایان لەسەر مێزی گفتوگۆ نەبن، ئەوا ئەنجامەکەی رێککەوتنێک دەبێت کە زۆر لاوازترە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015."
بەرپرسەکەی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوەش کرد، کە تەنیا پرسی ئەتۆمی جێگەی نیگەرانی نییە، بەڵکوو دەبێت چەند پرسێکی تری هەستیار چارەسەر بکرێن، لەوانە، بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران، پشتیوانیی تاران بۆ گرووپە چەکدارەکانی لە ناوچەکەدا و چالاکییە "هێرشبەرە ناڕاستەوخۆکان" (Hybrid activities) و هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران لە ناو جەرگەی ئەوروپادا.
کالاس هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێن، ئێمە لە کۆتاییدا رووبەڕووی ئێرانێکی زۆر مەترسیدارتر دەبینەوە."
دووشەممە 20ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا بە توندی رەخنەی لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 (JCPOA) گرت و رایگەیاندبوو ئەو رێککەوتنەی ئێستا ئیدارەکەی لەگەڵ تاران کاری لەسەر دەکات، ئاشتی و ئاسایش بۆ تەواوی جیهان دەگەڕێنێتەوە.
ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس" نووسیبووی: "ئەو رێککەوتنەی ئێمە ئێستا لەگەڵ ئێران دەیکەین زۆر لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی باراک ئۆباما و جۆ بایدن باشتر دەبێت." ناوبراو رێککەوتنەکەی پێشووی بە "یەکێک لە خراپترین و شەرمەزارترین رێککەوتنەکان لە مێژووی ئەمریکادا" وەسف کرد.