بڕیارە ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران کۆببێتەوە. سەرەڕای نزیکبوونەوە لە کۆتایی ماوەی دەستووری، لایەنە شیعەکان هێشتا لە نێوان دوو بژاردەی زۆرینەی لایەنەکان یان زۆرینەی کورسییەکاندا بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکەیان دوودڵن و ئەگەری دواخستنی کۆبوونەوەکەش لە ئارادایە.

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی 24ـی نیسانی 2026، کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بەڕێوەبچێت. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتییە لە دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران، کە ئێستا بووەتە گرێکوێرەی بنبەستی سیاسی لە عێراقدا.

مورتەزا ئەفەوین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئەساس، لە لێدوانێکدا بۆ "کوردستان 24" رایگەیاندووە، هەوڵ دەدرێت کاندیدەکە بە زۆرینەی دەنگ هەڵبژێردرێت. ئاماژەی بەوەش کردووە، مشتومڕەکان لەسەر ئەوەن ئایا کاندیدەکە بە دەنگی زۆرینەی لایەنەکانی ناو چوارچێوە بێت، یان بەپێی قەبارەی ئەو لایەنانەی کە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیان هەیە. ئەفەوین گەشبینیی خۆی نیشان دا کە پێش کۆتاییهاتنی ماوەی دەستووری، ناوێک دیاری بکرێت.

هەروەها وائیل روکابی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، وێنەیەکی جیاوازتر دەکێشێت و دەڵێت: "تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە." روکابی ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی نەبوونی رێککەوتن، ئەگەری زۆرە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆش دوابخرێت. تەنیا هیوایەک کە ناوبراو ئاماژەی پێ کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و "بەرزبوونەوەی دووکەڵی سپی"، ئەوەیە کە کۆبوونەوەکە لە ماڵی هومام حەموودییە وەک لایەنێکی ناوبژیوان.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە چوارچێوەی هەماهەنگی لە ژێر فشارێکی زۆردایە بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵام ناکۆکییەکانی ناوخۆی چوارچێوە لەسەر میتۆدی هەڵبژاردنی کاندید و پشکی لایەنەکان، هێشتا وەک بەربەست لە بەردەم راگەیاندنی ناوێکی کۆتایی ماونەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا سەرچاوەکان ئاشکرایان کردبوو کە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، ناوی "ئیحسان عەوادی" وەک کاندید بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت پێشنیاز کردووە، لە بەرامبەریشدا هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، ناوی "باسیم بەدری" بۆ هەمان پۆست خستووەتە ڕوو.