ئارارات پیشەگەرێکی بڕازیلی بردە ریزەکانی
لەگەڵ یانەکە دەستی بە راهێنان کرد
یانەی ئارارت بەفەرمی یاریزانێکی بڕازیلی گواستەوە ریزەکانی و دوێنێ شەممە لەگەڵ یانەکە دەستی بە راهێنان کرد.
جیان لۆکا سێلڤای 24 ساڵان کە لە هێلی هێرشبردن یاریی دەکات و پێشتریش یاریی بۆ یانەکانی پالمێراس و پۆنتی پرێتای بڕازیلی و ریبێراوی پۆرتوگاڵی کردووە و ئەم هێرشبەرە برازیلییە ئەم وەرزە تاکە یاریزانی پیشەگەری یانەکە دەبێت و شوێنی ئەو دوو یاریزانە پیشەگەر دەگرێتەوە کە وەرزی رابردوو یارییان بۆ یانەکە دەکات.
ئەنوەر محەمەدی راهێنەری یانەی ئارارات لەبارەی هێنانی ئەو یاریزانە بڕازیلییە رایگەیاند 'بەهۆی ئەوەی لە هێلی هێرشبردن کێشەمان هەبوو، بڕیارمان دا هێرشبەرێکی پیشەگەر بگوازینەوە، پێنج شەش یاریزان سیڤییان لە یانەکەمان هەبوو، بەڵام ئەمەیانم لە هەموویان پێ باشتر و گونجاوتر بوو، جگە لەم یاریزانە پیشەگەرەش هیچ یاریزانێکی دیکەی پیشەگەر ناگوازینەوە یانەکەمان'.
