گفتوگۆکانی نێوان ریال مەدرید و کۆنتی کێشەی تێکەوت

کۆنتی مەرجی بۆ ریال مەدرید داناوە

گەرچی زۆربەی میدیاکانی ئیسپانیا ئەنتۆنیۆ کۆنتی بۆ شوێنگرتنەوەی جولیان لۆپیتێخی بەربژێر دەکەن، بەڵام میدیاکانی مەدرید ئاشکرایان کردووە گفتوگۆکانی نێوان ریال مەدرید و کۆنتی ئاڵۆز بووە و وەستاوە.

گەرچی چاوەڕێ دەکرا ئەمڕۆ بەفەرمی ریال مەدرید جولیان لۆپیتێخی لە پۆستەکەی دووربخاتەوە و بەفەرمی ئەنتۆنیۆ بکاتە راهێنەری یانەکەی، بەڵام تاکو ئێستا لۆپیتێخی دوورنەخراوەتەوە و میدیاکانی ئیسپانیا دەنگۆی دروستبوونی کێشە لە پرۆسەی گفتوگۆکانی نێوان ریال مەدرید و کۆنتی دەدرکێنن.

کەناڵی 6ی ئیسپانی ئاشکرای کردووە، گفتوگۆکانی نێوان ریال مەدرید و کۆنتی کێشەی تێکەوتووە و ریال مەدرید گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە وەستاندووە و ئاشکراشی کردووە، گفتوگۆکانی نێوان کۆنتی و مێرێنگی ئاڵۆز بووە. رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆش لەبارەی وردەکاری گفتوگۆکانی نێوان کۆنتی و ریال مەدرید نووسیویەتی 'کۆنتی مەرجی بۆ ریال مەدرید داناوە و داوای لە بەرپرسانی یانەکە کردووە، سەرپشکی بکەن لە یانەکە و هیچ کەسێک دەست لە کاروبارەکانی وەرنەدات و قسەی یەکەم هی ئەو بێت'. رۆژنامە کەتەلۆنییەکە ئاشکراشیکردووە، کۆنتی مەرجی ئەوەی داناوە لە ژووری جلگۆڕین هیچ کەسێک قسە لە قسەی نەکات، بەتایبەتی سێرخیۆ رامۆسی کاپتنی یانەکە.

دوای شکستەکەی ریال مەدرید لە کلاسیکۆ بە ئەنجامی 5-1 پێشبینی دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو لۆپیتێخی لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە، جگە لە ئەنتۆنیۆ کۆنتی هەریەکە لە سانتیاگۆ سۆلاری و رۆبێرتۆ مارتینێزیش بەربژێرن بۆ ئەوەی شوێنی لۆپیتێخی بگرنەوە.