باره‌گای حزبه‌ مۆڵه‌ت پێنه‌دراوه‌كان داده‌خرێن

وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای گشتی ئاسایش بڕیارەكە جێبەجێ دەكەن

K24 - ھەولێر

وەزارەتی ناوخۆ رایدەگەیەنێت، ئەو حزبانەی مۆڵەتیان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نییە بارەگاکانیان دادەخرێن، بەپێی بڕیارەکە ئەو حزبانەشی كه‌ موڵەتیان لە بەغدا وەرگرتووە لە هەولێر مۆڵەتیان نییە به‌ هه‌مان شێوه‌ بارەگایان دادەخرێت. تەڤگەری ئازادیش بڕیارەکە بە بڕیارێكی سیاسی دەزانێت، یەکێتیش بەو بڕیارە تۆمەتبار دەکەن. بە گوێره‌ی ئامارێكی وەزارەتی ناوخۆش 20 حزبی تازە داوای مۆڵەتیان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، ئەو حزبانەی لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان وەرنەگرتووە بارەگاکانیان دادەخرێن و وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای گشتی ئاسایش جێبەجێکاری بریارەکەن، وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی بریارەکەوە دەڵێت هەموو ئەو حزبانە دەگرێتەوە كه مۆڵەتیان نییە.

عەبدوڵڵا حەسەن مزوری، بەڕێوەبەری مۆڵەتی حزبەکان لە وەزارەتی ناوخۆ بە كوردستان24 راگەیاند: "بەپێی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 1993 كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، ھەر حزبێك مۆڵەتی یاسای لە وەزارەتی ناوخۆ وەرنەگرتبێ ناتوانێ بارەگایان لە ھەرێمی كوردستان ھەبێت و كارو چالاكییەكانی ئەنجامبدات".

گوتیشی: "ئەو حزبانە كە لە ھەرێمی كوردستان كار و چالاكیی دەكەن، دەبێ پابەندبن بە یاساكانی ھەرێمی كوردستان".

بڕیارەکە لە سلێمانی بەسەر تەڤگەری ئازادی دا جێبەجێدەکرێت، ئەوان پێیان وایە بڕیارەکە سیاسییە بەپێی لێکدانەوەی هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، ئەو بڕیارە لەژێر فشاری تورکیا دراوە.

محەمەد عەبدوڵڵا، ھاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی بە كوردستان24 گوت: "بڕیارەكە سیاسییە و بۆ داخستنی بارەگاكانمانە لە سنووری سلێمانی، چونكە لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق بارەگاكانمان ھیچ كێشەیەكیان نییە".

داخستنی بارەگای تەڤگەری ئازادی کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا و ھەندێك لایەن پێیان وایە یەکێتی لەو رێگەیەوە هەوڵدەدات تورکیا ئاشت بکاتەوە، نوێنەری هەدەپەش لە هەرێمی کوردستان دژی بڕیارەکەیە.

موزەین گونەش، نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ھەموو لایەنێك بۆی ھەیە حزب دروست بكات و بە یاسا كاربكات، ئەو بڕیارە بە راست نازانین و پێمان وایە دەبێ راست بكرێتەوە".

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە دەست کوردستان24 کەوتووە 36 حزب مۆڵەتی فەرمیان لە هەرێمی کوردستان هەیە و 20 حزبیش داوای مۆڵەتیان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە 5 لەو حزبانەش داواکەیان پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە ئەوانی دیکەش لەژێر لێکۆڵینەوەی وەزارەتی ناوخۆدان.