سه‌ردانی وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵگری په‌یامێكی گرنگ بوو

"ئه‌مه‌ریكا پارێزگاری له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات"

K24- هه‌ولێر:

پسپۆرانی بواری وزە و سیاسەتی نێودەوڵەتی بە گرنگیەوە دەروانە سەردانەکەی وەزیری وزەی ئەمەریکا, شاره‌زایێكی بواری وزەش دەڵێت: سەردانەکەی پەیامێکە بۆ زیادکردنی بەرهەمی هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان، هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌ی سیاسەتێکی هاوسەنگ لە بواری وزە لە عێراق جێبەجێبکرێت. پسپۆرێکی په‌یوه‌ندییه‌ نێودەوڵەتییه‌كانیش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، سەرچاوەکانی وزەی هەرێمی کوردستان دەبنە هۆی سەقامگیری سیاسیی کوردستان.

دكتۆر قه‌یوان سیوه‌یلی، پسپۆری بواری وزه‌ له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم ده‌ڵێت: "ئەمە پەیامێکە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، كه‌ هەناردەی نەوتی رۆژانەیان زیاد بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنرێت، سەرچاوەكانى وزەى هەرێمی کوردستانيش دەتوانن ئاسایشی وزەی جیهان بپارێزن".

له‌كاتێكیشدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ سەرچاوەکانی وزەی هەرێمی کوردستان فاکتەرێک دەبن بۆ بەهێزی بوونی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە رووی نێودەوڵەتیەوە, شەماڵ حوسێن، پسپۆری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لەو بارەیەوە بۆ كوردستان 24 دەڵێت: "ئەمه‌ریکا هەرێمی کوردستان دەپارێزێت و ئەو سەرچاوانەش دەبنە هۆی سەقامگیری سیاسی  هەرێمی کوردستان".

"تێکشکاندنی ئەفسانەی گەورەترین رێکخراوی تیرۆستی جیهانی لەلایەن پێشمەرگەوە, وایکرد خەڵک ئازاد بێت", ئەمە قسەی ریك پێری, وەزیری وزەی ئەمریکایە و وەک جه‌ختی كرده‌وه‌، ئەمە وایکرد هانی زیاترمان بدات بۆ وەبەرهێنان و بازرگانیکردن لە هەرێمی کوردستان, هه‌روه‌ها پشتڕاستی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێشمەرگە بوەتە هۆی سەقامگیری ئەمنی و کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانیش بۆ كاركردن له‌ كه‌رتی وزه‌ روو لە هه‌ريمى کوردستان بکەن.

H.B