خراپی رێگای ھامڵتۆن شوفێران نیگەران دەكات

یەكێكە لە رێگە بازرگانییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران

K24 - سۆران

رێگای هاملتۆن رێگایه‌كی گرنگ و نێوده‌وڵه‌تی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێرانه ‌و جه‌نجاڵی و قه‌ره‌باڵغیه‌كی زۆری له‌سه‌ره‌، به‌ڵام به‌شێكی زۆری رێگاكه‌ نه‌كراوه‌ته‌ دووساید، یه‌كسایدی و پێچی زۆرو  كه‌ندو كۆسپ و بچووكی و باریكی پرده‌كانی رێگاكه‌ گرفتی زۆری بۆ بواری بازرگانی و گه‌شتیاری دروستكردووه‌.

مه‌سعوود سامی، یەكێكە لە شوفێرانی ئێرانە و لەو سنوورە كار دەكات، ئەو بە كوردستان24 گوت: "ئێرە سنوور نەبوو جەناجاڵییەکی وای لەسەر نەبوو، رێگاو و پردەکانی بۆ ئۆتۆمبێلی سەرنشین بوون، بەڵام ئێستا بووەتە رێگایەکی نێودەوڵەتی بارەکانی تورکیا ئۆزبەک و ئێران پێدا تێدەپەڕن، کەچی هیچ جیاوازیەکی وای تێدا نەکراوە، بۆچی رۆژێک خەمی چاککردنی ناخۆن؟ ئۆتۆمبێلەكانمان وێران بوونە".

پەیوەست بەو پرسە خوسره‌ت سادق، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی چاككردنه‌وه‌و پاراستنی رێگاوبانی سۆران دەڵێ: "بەھۆی وەستانی كاری كارگەكانی قیڕ لە وەرزی زستان بەشێوەیەكی كاتی چاكی دەكەینەوە، ھەر كاتێك كارگەكانی قیڕ لەم سنوورە دەستیان بەكاركردەوە رێگاكان قیڕ دەكەین".

ئه‌حمه‌د قادر، قایمقامی چۆمان بە كوردستان24 راگەیاند: "پڕۆژەی دووساید كردنی رێگاكە بەھۆی قەیرانی داراییەوە وەستاوە. ئەو پڕۆژە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكان كە ئەنجامدەدرێت بە تایبەتی لە رووی ئابوورییەوە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە قۆناخ دەست بە پڕۆژەكە دەكاتەوە".