ئۆتۆمبێلێك ده‌كه‌وێته نێو رووباری چۆمان
شوفێره‌كه‌ی توانی خۆی رزگار بكات
K24 – سۆران:
ئه‌مڕۆ له سه‌ر رێگای سه‌ره‌كی هامڵتۆن، له نزیك شاره‌دێی وه‌رتێ ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسان – تیدا، كه‌وته رووباری چۆمان و شوفێره‌كه‌ی توانی خۆی رزگار بكات.
په‌یامنێری كوردستان24، له شوێنی رووداوه‌كه، رایگه‌یاند، شوفێری ئۆتۆمبێله‌كه خۆی له ئاژه‌ڵێكی كێوی لاداوه و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له ده‌ستی وه‌رگرتووه و كه‌وتووه‌ته رووباره‌كه‌وه.
به هۆی باران بارینی زۆره‌وه، ئه‌مساڵ ئاوی رووبار و چۆمه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بووه‌ته‌وه و له هه‌ندێك ناوچه مه‌ترسی بۆ سه‌ر گیانی هاووڵاتیان و موڵك و ماڵیان درووست كردووه.
دوای رووداوه‌كه، تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی سۆران گه‌یشتوونه‌ته شوێنی رووداوه‌كه و له هه‌وڵی ده‌رهێنانه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ن.
له‌و باره‌یه‌وه، کاروان میروادەلی، ئەفسەر لە بەرگری شارستانی سۆران، رایگه‌یاند، له كاتژمێر 8ی به‌یانییه‌وه لێره‌ین و شوفێره‌كه توانیویه‌تی خۆی رزگار بكات، به‌ڵام به داخه‌وه به هۆی نه‌بوونی ئامێری پێویست نه‌مانتوانیوه تا ئێستا ئۆتۆمبێله‌كه ده‌ربهێنین.
رێگه‌ی (هامڵتۆن)، له سنووری پارێزگای هەولێرە. درێژی رێگه‌كه نزیكه‌ی 185 كیلۆمه‌تره. لە ناوەندی شاری هەولێر دەستپێدەكات و تا ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران له سه‌ر سنووری نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران درێژ ده‌بێته‌وه. له ساڵانی 1927 تا 1932 به سه‌رپه‌رشتی ئەندازیارێكی نیوزلەندی لە سوپای بەریتانی بەناوی (ئارچیباڵد میلن هامڵتۆن- Archibald Milne Hamilton) درووستكراوه.