کچێکی تەمەن 8 ساڵ بۆ چارەسەر پێویستی بە هاوکارییە

ئامینە مەجید لە منداڵییەوە دووچاری نەخۆشی ئیفلیجی مێشک بووە

K24 - ھەولێر

ئامینە مەجید، كچێكی تەمەن 8 ساڵە، تووشی ئیفلیجی مێشك بووە، پزیشكەكان بە باوكی ئامینەیان راگەیاندووە، چارەسەری كچەكەی لە وڵاتی توركیایە، بۆ ئەمەش پێویستی بە 20 ھەزار دۆلاره، بۆیە باوكی ئامینە لە رێگەی كوردستان24ەوە داوا لە خودا پێدراوان و خێرخوازان دەكات ھاوكاری بكەن تا منداڵەكەی چارەسەر بكات.

ئامینە، كاتێك لە دایك دەبێ تووشی زەردویی دەبێ، دواتر زەردوییەكەی مێشك و جەستەی ئیفلیج دەكات، ئامینە كە جەژن دێت و دەبینێ خوشكەكانی جلی جوان لەبەر دەكەن، ئەو لە شوێنی خۆی جەستەی لەرز دایدەگرێ و داوای دەرەوە دەكات، كەچی ناتوانێت، بۆیە خانەوادەكەی حەز بە ھاتنی جەژن ناكەن، چارەسەری ئامینە لە دەرەوەی وڵاتە، باوكی توانا داراییەكەی لە و ئاستەدا نییە تا بیباتە دەرەوە، بۆیە چاوی لە كەسانی خێرخواز و خوا پێداوە ھاوكاری بكەن.

ئامینە خاوەنی شەش خوشكە، ھەموویان بە دوانەیی لە دایك بوونە، رۆژانە ئاگایان لێیەتی و دڵیان نایەت بەجێی بێڵن، دایكی باس لە زەحمەتییەكانی كچەكەی دەكات و دەڵێت "بەھۆی ئامینەوە نەدەتوان بچمە پرسەیەك نە دەتوانم سەردانی نەخۆشێك بكەم".

لە كوردستان پزیشكەكان بە مەجیدی باوكی ئامینەیان راگەیاندووە، چارەسەری تەواوی كچەكەی پێویستی بە ئامێرێكە كە لە كوردستان نییە و پێویستە بە ھەر شێوەیەك بێت بیباتە وڵاتی توركیا، بۆیە دەیەوێت لەرێی كەسانی خوا پێداوەوە چارەسەری منداڵەكەی بكات، تا ئامینە لە جەژنەكانی ساڵانی داھاتوودا وەك خوشكەكانی دیكەی بە جلێكی جوان و قاچەكانی خۆیەوە بڕواتە دەرەوە و بۆ یەكەم جار لەگەڵ منداڵانی گەڕەك یاری بكات.

ھ.م