یەکێتی خۆی یەکلا دەکاتەوە
مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە
K24 – سلێمانی:
ئەمڕۆ پێنجشەممە 06/06/2019، مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی بەشداریکردنی شاند و فراکسیۆنی یەکێتی لە مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، یەکێتی تاکو ئێستا ئامادە نییە بەشداریی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم بکات کە بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت.
پەیامنێری کوردستان24 راشیگەیاند، بڕیارە سبەی هەینی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر هەمان پرس کۆببێتەوە و لە ئێستاشدا، گفتوگۆ لە نێوان پارتی و یەکێتی دوور لە چاوی کامێراکان هەیە.
فراکسیۆنی یەکێتی دانیشتنی پەرلەمانی بۆ دەنگدان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بایکۆت کرد و پارتیش بە پێشێلکردنی رێککەوتننامەی نێوانیان تۆمەتباری کرد، ئەمەش جارێکی دیکە، ناکۆکییەکانی هەردوولای نوێکردەوە.
H.J