رۆژی كۆنگره‌ی یه‌كێتی مشتومڕ ده‌نێته‌وه‌

بەشێک لە ئامادەکارییەکان تەواو کراون

K24 – سلێمانی:

مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە راوێژ لەگەڵ مەڵبەند و ئۆرگانەکان رۆژی 21 ـی یازدەی ئەمساڵی بۆ بەستنی کۆنگرەی حزبەکەی پێشنیاز کرد، بەڵام پێویستە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بڕیاری کۆتایی لەبارەی کات و رۆژی بەستنی کۆنگرە بدات، بۆ ئەم مەبەستەش بەشێک لە ئامادەکارییەکان تەواو کراون.

بە گوێرەی زانیارييه‌كانی كوردستان24، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەی 4 كار لەسەر لادانی پۆستی سكرتێری گشتی دەكات، لە شوێنی ئەو ئەنجوومەنێكی گشتی پێكده‌هێنێت، كە لە 121 ئەندام پێكدێت و 11 كەس دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنەكە دەبن و لەو 11 ئەندامەش سەرۆكێك و دوو جێگر دەبن.

بڕیارە دەسەڵاتەكانیش سنوور داربن و دەسەڵاتی تەواوەتی بدرێتە ئەنجوومەنە گشتییەكە.

دواین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ساڵی 2010 بەسترا، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە سێ ساڵ جارێك دەبێ كۆنگرە ببەسترێت، بەڵام بەشێك لە بەرپرسە باڵاكانی یەكێتی دواكەوتنی كۆنگرەی حزبەكەیان بۆ بارودۆخی سیاسی، ئەمنی و ئابووری كوردستان دەگەڕێننەوە و جەختیش دەكەنەوە كە داواكاری بەستنی كۆنگرە لە ناو حزبەكەیان دوای پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زیادی كردووە.