سیستانی داوای چاكسازی ده‌كات
پێویسته خۆپیشاندانه‌كان ئاشتیانه بن
K24 – هه‌ولێر:
مه‌رجه‌عی باڵای زۆرینه‌ی شیعه‌كانی عێراق، عه‌لی سیستانی له رێی وتاری هه‌ینی كه‌ربه‌لاوه په‌یامێكی ئاراسته‌ی خۆپیشانده‌ران و هێزه عێراقییه‌كان كرد.
له په‌یامه‌كه‌یدا، سیستانی جه‌ختی كردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر "پابه‌ندبوونی خۆپیشانده‌ران به ئاشتیانه‌بوونی خۆپیشاندانه‌كانیان و داواشی له هێزه ئه‌منییه‌كان كردووه، رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران نه‌بنه‌وه".
له په‌یامه‌كه‌ی سیستانی‌دا هاتووه: "پێویسته هه‌مووان كار بكه‌ن بۆ رێگرتن له خوێنڕشتنی زیاتر، رێگه نه‌درێت وڵات به‌ره‌و داڕمان و شه‌ڕی ناوخۆ و پشێوی و وێرانكاری بڕوات. ده‌كرێت هه‌مووان به نیازێكی پاكه‌وه هاوكار بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئێستا".
هه‌روه‌ها هاتووه: "مه‌رجه‌عیه‌ت ئیدانه‌ی هه‌موو توندوتیژییه‌ك ده‌كات كه دژی خۆپیشانده‌رانی مه‌ده‌نی به‌كارهێنراوه و پێویسته ئه‌وانه‌ی توندویژیان ئه‌نجامداوه رووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه بكرێنه‌وه. هه‌روه‌ها نابێت هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كانی عێراق رابكێشرێنه ناو گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی توندوتیژی زیاتر نه‌یه‌ته ئاراوه".

له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، سیستانی رایگه‌یاندووه، "پێویسته رێز له ئیراده‌ی عێراقییه‌كان بگیرێت له ده‌ستنیشانكردنی سیستمی سیاسی و ئیداری وڵاته‌كه‌یان، كه له میانی راپرسییه‌كی گشتیی له‌سه‌ر ده‌ستوور و هه‌ڵبژاردنی خولیی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه به‌ده‌ست هاتووه. ئه‌وه‌ش بنه‌مایه‌كی نه‌گۆڕه و مه‌رجه‌عیه‌ت پێوه‌ی په‌یوه‌سته. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پێویسته چاكسازی بكرێت و هیچ كه‌س و گرووپ و لایه‌نێكی ناوخۆی و ده‌ره‌كی بۆی نییه مافی عێراقییه‌كان و ئیراده‌یان له‌و رووه‌وه زه‌وت بكات و رای خۆی به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنێت".
ئ.ر