400 مليار دۆلار له‌ عێراق به‌هه‌ده‌ر دراوه‌

عێراق چاو له‌ ئه‌زموونی فلیپین ده‌كات؟

K24 - هه‌ولێر:

بە گوێره‌ی داتاکان لە دوای ساڵی 2003وە لە عێراق بڕی 300 تا 400 ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت دزراوە و بەشێک لەو پارەیەش براوەتە دەرەوەى عيراق.

 پسپۆرێکی بواری چاکسازی و رووبەروبونەوەی گەندەڵی لە عێراق گەڕانەوەی ئەو پارەیە به مەحاڵ ده‌زانێت و پسپۆرێکی ئابووریش داوای سوود وەرگرتن له ئەزموونی فلیپین بۆ گەڕانەوەی پارە دزراوەکانی عێراق دەکات.

لە پەرلەمانی عێراقیش پرۆژە یاسایەك ئامادەکراوە بۆ چارەسەری گەنده‌ڵی و گەڕانەوەی پارەدزراوەکانی عێراق بە ناوی (ئەمەت لە کوێ بوو).

داهاتی نەوتی عێراق لە ساڵی 2003 بۆ 2014 زياتر له‌ 700 ملیار دۆلار بووە، بەڵام نیوەی ئەو داهاتە کە مەزندەی 300 تا 350 ملیار دۆلار دەکرێت دزراوە لە دوای 2014ـه‌وه‌ تا 2019 دیارنەمانی داهاتی نەوت بۆ 450 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.

گەندەڵی و  نەبوونی خزمەتگوزاری لە شارەکانی باشووری عێراق و ململانێ سیاسی لایه‌نه‌كان دۆخی عێراقی گەیانده تووڕه‌بوونى هاووڵاتيانى عێراق كه نزیکەی مانگێکە خۆپیشاندانەکان بەردەوامن.

بەبۆچوونی پسۆڕێكی بواری چاکسازی، گەندەڵی لە عێراق چارەسەر ناکرێت, بەشێك لە هۆکارەکەشی بۆ ململانيى سیاسی و بە دامەزراوەیيکردنی گەندەڵی لە عێراق دەگەرێنێتەوە.

ئ. م