کوردێک دەبێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی پوتین
لە چەند خولێك پەرلەمانتار بووە
K24 - مۆسكۆ
زەلیمخان موتسۆیڤی کوردی ئێزیدی، لە نۆزدەمین کۆنگرەی پارتی یەکگرتووی رووسیا بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە ھەلبژرێردرا.
لە سەرەتای ئەم ھەفتەیە پارتی یەکگرتووی رووسیا، لەشاری مۆسکۆ بە ئامادەبوونی ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆکی روسیا و دیمتری مێدڤێدیڤی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە و سەرۆکی پارتی یەکگرتووی رووسیا 19 مین کۆنگرەی خۆی بەرێوەبرد.
لە کۆنگرەکەدا جگە لەوەی ھەڵسەنگاندن بۆ ھەڵبژاردنەکانی 2019ی ئەنجوومەنی پارێزگا و شارەوانی و ھەرێمەکانی رووسیا و بەرنامەدانان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی 2021کرا، ھاوکات پرۆسەی ھەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی سەرکردایەتیەکی نوێ بۆ پارتی یەکگرتووی رووسیا کرا، کە تیایدا زەلیمخان موتسۆیڤی کوردی ئێزیدی، پەرلەمانتاری رووسیا بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی یەکگرتووی رووسیا ھەڵبژێردرا.
پارتی یەکگرتوو، پارتی فەرمانرەوای رووسیایە و لە پەرلەمانی رووسیای فیدراڵ دا 341 کورسی ھەیە و لە پلەی یەکەمدایە، لەھەمانکاتدا بە پارتەکەی پوتین ناوزەد دەکرێت.
زەلیمخان موتسۆیڤ، کوردی ئێزیدی رووسیایە و لە 13/10/1959، لە شاری تبلیسی پایتەختی جۆرجیا لەدایکبووە، لە تەمەنی 10 ساڵیدا دایک و باوکی کۆچی دواییان کردووە، بۆیە ئەرکی چاودێری و بەخێوکردنی برا و دوو خوشکی کەوتووەتە ئەستۆ.
-ساڵی 1979 بۆ 1981 لە سوپای سۆڤیەتی خزمەتی سەربازی کردووە.
- ساڵی 1989 کۆلێژی ئابووری و رێکخستنی بیناسازی تەواوکردووە.
- جگە لەسەرکەوتوویی لەکارەکەی ، حەوت زمان دەزانێت.
- ساڵی 1988 کۆمپانیای ماڵداری و دروومانی دروستکردووە و گەشەی بە کارەکەی داوە و پاشان ھاتۆتە مۆسکۆ بووەتە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی خاوەنکارانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو.
- ساڵی 1994-1995 بووەتە سەرۆکی یەکێتی خاوەنکارانی رووسیا.
-ساڵی 1999 بۆ یەکەمجار بە ئەندامی پەرلەمانی رووسیا (ئەنجومەنی دوما)ھەڵبژێردرا.
-ساڵی 2003 بۆ جاری دووەم بە ئەندامی پەرلەمان ھەڵبژێردرایەوە.
- ساڵی 2007 بۆ جاری سێیەم بەئەندامی پەرلەمان ھەڵبژێردرایەوە.
- ساڵی 2012 بۆ جاری چوارەم بە ئەندامی پەرلەمان ھەڵبژێردرایەوە.
- ساڵی 2016 بۆ جاری پێنجەم بە ئەندامی پەرلەمان ھەڵبژێردرایەوە و جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان بوو، لە ئێستاشدا ئەندامی لیژنەی بەرگری پەرلەمانی رووسیا و سەرۆکی لیژنەی ھەماھەنگی پەرلەمانی رووسیای فێدراڵ -عێراقی فێدراڵە.
زەلیمخان موتسۆیڤ، لەکاتە دژوار و ھەستیارەکاندا پشتیوانی گەلەکەی بووە و لەکاتی ھێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردستان بە بڕی 15 ملیۆن و نیو دۆلاری ئەمەریکی لە رێگای رێکخراوی خێرخوازی بارزانی ھاوكاری ئاوارەکانی شنگال و ناوچەکانی دیكەی كرد.
ھ.م