ئه‌و پیاوه‌ فره‌نسای كرده‌ خاوه‌نی یه‌كه‌مین نازناو له‌ مێژوودا كۆچی دوایی كرد

یه‌كه‌مین نازناوی بۆ هه‌ڵبژارده‌ فره‌نسا برده‌وه‌

میکێل هیدالگۆ راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی فەڕەنسا لە تەمەنی 87 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

رۆژنامەی لێکیپی فەڕەنسی بڵاویکردەوە میکێل هیدالگۆ راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەکەیان شەوی رابردوو بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی 87 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و سەرچاوەکە ئەوەی رەتکردەوە کە ناوبراو بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا مرد بێت.

هیدالگۆ یەکەم راهێنەر بوو توانی ناسناوێک بۆ کەلەشێرەکان بەدەست بێنیت، دوای ئەوەی لە یۆرۆی ساڵی 1984 هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کردە پاڵەوان، هەروەها پێشتریش هەڵبژاردەکەی گەیاندبووە قۆناخی پێش کۆتایی مۆندیالی 1982.

هیدالگۆ پێشتر یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی فره‌نسا كردووه‌ و له‌ ساڵی 1967 له‌ یانه‌ی مۆناكۆ وازهێنانی له‌ یاریكردن راگه‌یاند، دواتر هه‌ر له‌ تیپی لاوانی یانه‌ی مۆناكۆ یه‌كه‌مین ئه‌زموونی راهێنه‌رایه‌تی تاقی كرده‌وه‌، پاشان له‌ 1972 بووه‌ یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی فه‌رنسا، پاشان له‌ 1976 بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی هه‌ڵبژارده‌ فره‌نسای وه‌رگرت.