ئەساقیفەی ئیباریشیەی كلدان لە هەولێر سوپاسی رێكارەكانی حكومەتی هەرێم دەكات
دەستخۆشیش لە هێزە ئەمنییەكان و كارمەندانی تەندروستی دەكات
K24- هەولێر:
لە راگەیەندراوێكدا، مەتران بەشار مەتی وەردە، سەرۆكی ئاسقیفەی ئیباریشیەی كلدان لە هەولێر سوپاسی هێزە ئەمنییەكان و كارمەندانی و تەندروستی و پزیشكانی هەرێمی كوردستان دەكات، كە لە سەروبەندی خۆ ئامادەكردن بۆ جەژنی فەسح و قیامەی مەسیحییەكان، لە ریزی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنادان.
هەروەها سوپاسی رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و جەخت دەكاتەوە، پێویستە هەموو لایەك پابەندی رێنماییەكان بن و دووپاتیش دەكاتەوە، "هانی هەموو لایەك دەدەین بۆ هاوكاربوون لە جێبەجێكردنی رێنماییەكان لە پێناو خێر و بەرژەوەندی سەرجەم هاووڵاتیان".
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، هەموو باوەڕدارانی كریستیان دەتوانن لە چوارچێوەی پابەندبوون بە رێنماییەكانی حكومەتی هەرێم، هەر كەسە و لە ماڵی خۆی لە رێگەی ئامرازەكانی پەیوەندی كۆمەڵایەتییەوە بەشداری لە نوێژ و قەداسەكاندا بكات و پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن.
داواش لە خێزانە كریستیانەكان دەكات، بۆ جەژنە پیرۆزە سەردانی یەكتر نەكەن و لە رێگەی ئامرازەكانی پەیوەندییەوە جەژنە پیرۆزە لە یەكتریان بكەن.
داواش لە باوەڕدارانی كریستیان دەكات، نزاكانیان بۆ سەلامەتی گشتی جیهان بێت لە پەتای كۆرۆنا.
H.B
