پرسی پێشکەشکارانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا چارەسەر کرا
سهرجهم كورسییه بهتاڵهكان پڕ دهكرێنهوه
K24- ههولێر:
ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتی (18/5/2020) کۆبونەوەی ژمارە (7)ى ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی بەڕێوەچوو و پرسی پێشکەشکارانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرای چارەسەر کرد.
لە تەوەرى یەکەمى بەرنامەى کارى کۆبونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەت، پرسی پلانی وەرگرتنی ساڵی خوێندنی (2020-2021) و لێکەوتەکانى و ژمارەی دەرچوانی پۆلی دوانزدەی ئامادەیی و بژاردە و ئەگەرەکانی بەردەم وەزارەت و زانکۆکان گفتوگۆى لەبارەوە کرا، بۆ ئەمەش لەلایەن بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون، لە راپۆرتێکدا بە داتا و ئامار وردەکارى پلانى وەرگرتن و تواناى زانکۆکانى بۆ ساڵى خوێندنى (2020-2021) خستەڕوو، بە پێی ئاماژە سەرەتاییەکان پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی خوێندنی (2020-2021) زیاتر لە (90.000) دەرچوی ئامادەیی داواکاری بۆ زانکۆکانی کوردستان پیشکەش بکەن، ئەم ژمارەیەش لە سەروی توانای وەرگرتنی زانکۆکانە، هەر بۆیە ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیاری دا، بە مەبەستی بەرچاوڕوونی راپۆرتێکی ورد و زانستی دەربارەی کێشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم زانکۆکانی کوردستان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکات، بەتایبەت ئەنجوومەنی وەزارەت جەختی کردەوە، بەبێ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان، ئەستەمە بتوانین ئەو ژمارە زۆرەی قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێم جێگا بکەینەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزارەت لە ژێر رۆشنای دوا ئامار و تەشەنەکردنی پەتای کۆڤید -19 تاوتوێى پرسی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی (2019-2020)ی کرد و لەم چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا سەرجەم زانکۆ (حکومی و تایبەتەکان) بەپێی تایبەتمەندیان ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم، بە مەرجێك لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا تاقیکردنەوەکان تەواو بکرێن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا پرسی پێشکەشکارانی خوێندنی (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) بە وردی تاوتوێ کرا و بە لەبەرچاوگرتنی توانای زانکۆکان و پاراستنی کواڵیتی پرۆسەی خوێندن، ئەنجوومەنی وەزارەت ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسەندکرد:
ا. پڕکردنەوەی سەرجەم کورسیە بەتاڵەکانی خوێندنی دبلۆمی باڵا.
ب. چارەسەرکردنی داواکاری ئەو پێشکەشکارانەی لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەرچوون و بەهۆی کەمی یان نەبوونی کورسییەوە وەرنەگیرابون.
ج. لە چوارچێوەی داواکاری ئەو پێشکەشکارانەی کە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی سەرکەوتوو نەبوون، بڕیاردرا بە پڕکردنەوەی هەمو کورسییە بەتاڵەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە رێگهی میکانیزمی زانستی گونجاو و رەچاوکردنی رەخساندنی زۆرترین دەرفەت بۆ پیشکەشکاران.
بۆ ئەم مەبەستەش رێنمایی پێویست لە چەند رۆژی داهاتودا دەردەکرێن و دەسەڵات دەدرێتە زانکۆکان بۆ جێبەجێکردنی، هاوکات کۆبوونەوە جەختی کردەوە، ئەم بڕیارانە لە دوای تەواوکردنی پرۆسەی پەڵپ و سکاڵاکان و پەسەندکردن و راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی وەرگیراوان، دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
H.B