ئەڵمانیا: رووسیا هێرشی ئەلیکترۆنی کردووەتە سەر بەرپرسانی باڵای حکوومەت

بەرپرسانی ئەڵمانیا، رووسیایان تۆمەتبار کرد بەوەی لە پشت ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییانەوەیە کە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی باڵای حکوومەتی وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج، بەتایبەت ئەو کەسانەی ئەپڵیکەیشنی "سیگناڵ" بۆ پەیوەندیکردن بەکاردەهێنن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەکی حکوومی لە ئەڵمانیا رایگەیاند، "حکوومەتی فیدراڵ پێیوایە ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییەی کە خزمەتگوزاریی نامەناردنی 'سیگناڵ'ی کردبووە ئامانج، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەلایەن رووسیاوە بووە." 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستا توانراوە هێرشە ئەلیکترۆنییەکە رابگیرێت.

لە لایەکی دیکەوە، داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رۆژی هەینی، بە فەرمی لێکۆڵینەوەی لەو هێرشانە دەستپێکرد کە پەرلەمانتارانی چەندین پارتی جیاوازی کردووەتە ئامانج، لە نێویاندا سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامێکی دیاری پارتی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی (CDU)، جگە لە پەرلەمانتاران، هێرشەکان فەرمانبەرانی حکوومی، دیپلۆماتکاران و رۆژنامەنووسانیشی گرتووەتەوە.

ئەم گرژییە لە کاتێکدایە کە ئەڵمانیا وەک گەورەترین پشتیوانیکەری سەربازیی ئۆکرانیا لە ئەوروپا، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا لە ساڵی 2022وە، رووبەڕووی زیادبوونی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و هەوڵەکانی سیخوڕی و تێکدەرانە بووەتەوە.

لای خۆشیەوە، مۆسکۆ بە توندی ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و رایگەیاندووە، هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشانەوە نییە.