هەولێر سێیەمین سەركەوتنی لە نێو یاریگەی خۆی تۆمار كرد

هەڵۆ فایەق هاتریكی لە ئاسیست كرد و شێركۆ كەریمیش گەڕایەوە یاریكردن

گرتەیەك لە یاریی نێوان هەولێر و حدود لە خولی ئەستێرەكانی عێراق ـ 26 نۆڤێمبەری 2024
گرتەیەك لە یاریی نێوان هەولێر و حدود لە خولی ئەستێرەكانی عێراق ـ 26 نۆڤێمبەری 2024

لە خولی ئەستێرەكانی عێراق یانەی هەولێر سێیەمین سەركەوتنی لەم وەرزە لە نێو یاریگەی خۆی تۆمار كرد و هەڵۆ فایەق كاپتنی ئیمپڕاتۆر لە یارییەكە 3 ئاسیستی كرد و سەركردایەتی سەركەوتنەكەی ئیمپڕاتۆری كرد، شێركۆ كەریمیش دوای دابڕانێكی زۆر لە نیوەی دووەم گەڕایەوە یاریكردن.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە گەڕی هەشتەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی هەولێر لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری میوانداریی یانەی حدودی شاری بەغدای كرد، لە خولەكی 14 هەڵۆ فایەق ئاسیستێكی كرد و بن سۆدە بە لێدانی سەر گۆڵی یەكەمی بەرگزەردەكانی پایتەختی كرد.
دواتر لە باڵی راستەوە هەڵۆیەكەی گەرمیان ئاسیستێكی دیكەی كرد و ئەمجارەیان كۆڵن ئەندەرسۆن ئەنجامەكەی دوو هێندە لێكرد، نیوەی یەكەم بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە بەرژەوەندی یانەی هەولێر كۆتایی هات.
لەگەڵ دەستپێكی نیوەی دووەم كوڕە كوردەكەی یانەی حدوود هاتە نێو یاریگە و لە خولەكی 66 جیاوازییەكەی بۆ یانەكەی كەم كردەوە و گۆڵی یەكەمی حدودی بەرامبەر یانەی هەولێری پێشووی تۆمار كرد، بەڵام ئەم گۆڵە نەیتوانی یانەكەی بەغدا لە شكست رزگار بكات، چونكە پێش ئەوەی ناوبژیوانیش فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات، دیسان هەڵۆ هاتریكی لە ئاسیست كرد و بن سۆدەش گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی هەولێری لە یارییەكە تۆمار كرد.
هەولێر چوارەمین سەركەوتنی تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 14 خاڵ بەشێوەیەكی كاتی بۆ ریزبەندی پێنجەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق سەركەوت.