شەڕ لە نێو زانکۆی سلێمانی ڕووی دا و بریندار هەن

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-12-2024، لە ئەنجامی شەڕی نێوان دوو قوتابی لەنێو زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کە دواتر بوو بەشەڕی نێوان خێزانەکانیان، دوو کەس بریندار بوون.
شایەدحاڵێک بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "سەرەتا شەڕەکە لەنێو کافتریای زانکۆ ڕووی داوە، بەڵام دواتر هەردوو قوتابییەکە کەسوکاریان ئاگادار کردووەتەوە و لە دەرەوەی زانکۆ، شەڕەکە گەرمتر بووە و بە دار و بەرد و چەقۆ لە یەکتریان داوە."
لەلایەن خۆیەوە سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی گشتیی سلێمانی بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ئەنجامی شەڕەکە دوو کەس بریندار بوون، بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە و دۆخی تەندوستی یەکێکیان ناجێگیرە."
گوتەبێژی پۆلیسی گشتیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد "دیار نییە، بریندارەکان ئەو دوو قوتابییەن یان کەسوکاریانن، دەستمان بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کردووە و چاوەڕێی بڕایاری دادوەری لێکۆلینەوە دەکەین."