شارەوانیی کەلار: هەر کەسێک درەختێک لە بەردەم ماڵ و دووکانه‌كه‌ی نه‌ڕوێنێت سزا دەدرێت

سەرۆکایەتیی شارەوانیی کەلار، بۆ زیادكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی سەنتەری شارۆچکە، چەند بڕیارێک ده‌دات و هەر خاوه‌ن و ماڵ و دووكانێك درەختێک نەڕوێنن، به‌ بڕه‌پاره‌یه‌ك سزا ده‌درێن.

دلێر حوسێن، بەرپرسی پرۆژەکان، لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی کەلار، ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: سەرجەم دووکاندار و خاوەن ماڵەکانی ناو سەنتەری شارەدێی کەلار ئاگادار کراونەتەوە، پێویستە لە بەردەم ماڵ و شوێنەکانیان نەمامێک بچێنن كه‌ بەرزییه‌كه‌ی لە مەتر و نیوێک کەمتر نەبێت. ده‌شڵێت: لە ئەگەری پابەندنەبوونیان. بە بڕی 150 هەزار دینار پێبژاردنیان بۆ دەکرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، هەر هاووڵاتییەک یان کۆمپانیایەک و دووکاندارێک بەبێ ڕەزامەندیی شارەوانیی دار یان نەمامێک ببڕێته‌وه‌، پێبژاردنی بۆ دەکرێت کە لە 100 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە دوو ملیۆنیش زیاتر نەبێت.

باسی لەوەش کرد، دەیانەوێت لە شەقامە سەرەکییەکانی کەلار ڕێژەیی سەوزایی زیاد بکەن، هەروەها لە هەر شەقامێک جۆرە درەختێکیان ڕواندووە، واتە هەموویان یەک جۆر نین.