گۆڕستانی گه‌وره‌ی هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە

پارێزگای هەولێر ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بە ڕەزامەندیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە گوژمەی زیاتر لە 820 ملیۆن دینار، گۆڕستانی گەورەی شاری هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە.

پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگه‌یاندووه‌، پرۆژەکە بە ڕەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان و بە گوژمەی 820 ملیۆن و حەوت سەد و نۆ هەزار دینار ئەنجام دەدرێت.

 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر تایبه‌ت بە ماڵپه‌ڕی کوردستان 24ـی گوت: ئەمڕۆ ڕەزامەندیی جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەرچووە، کە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر بە شێوەی نەختینەیی بۆ هەر قۆناغێک گوژمەی بۆ تەرخان دەکرێت.

 ئومێد خۆشناو گوتیشی: بە خاکسپاردن لە گۆڕستانەکەدا نەماوەوە و پەرژینی گۆرستانەکە و چەند بەشێکی دیکەی نۆژەن دەکرێتەوە و ڕێژەی سەوزایی تێدا زیاد دەکرێت.

گۆڕستانی گەورەی هەولێر کۆنترین و به‌ناوبانگترین گۆڕستانی ئه‌و شاره‌یه‌ و دەکەوێتە چەقی شار و دامێنی قەڵای هەولێر بە تەنیشت بازاڕەکانی شێخەڵڵا و نیشتیمانەوەیە. وەک لە ڕاگەیەنراوەکەی پارێزگادا هاتووە، بووەتە بەشێک لە مێژووی دێرینی شاری هەولێر.

ئەم گۆڕستانە ساڵی ڕابردووش هەر لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر بە شێکی نۆژەن کرایەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment