وەزارەتی ناوخۆی هەرێم: چاكسازی لە پۆلیسی کوردستان دەکرێت

وەزارەتی ناوخۆی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لیژنەیەکیان بۆ چاكسازی و پێداچوونەوە بە ئەرک، پەیکەر، شێوازی مامەڵە، ڕاهێنان، پەرەپێدانی توانای جەستەیی و هزریی پۆلیسی کوردستان ڕاسپاردووە؛ هاوکات ئاماژەشی داوە، ڕیفۆرمەکە دەبێت لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و تێڕوانین و چاوەڕوانی هاووڵاتییانی کوردستان بگونجێت.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە یەکێک لەو لێژنانە کرد، کە بۆ پێداچوونەوە بە ئەرک، پەیکەر، شێوازی مامەڵە، ڕاهێنان، پەرەپێدانی توانای جەستەیی و هزری پۆلیسی کوردستان ڕاسپێردراوه.
لە ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە، وەزیری ناوخۆ لە سەرەتای کۆبوونەوەكهدا، پوختەیەکی لە بارهی دونیابینی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بۆ شێوازی مامەڵەکردنی حکوومەت بە دامەزراوە و فەرمانبەرەکانی لەگەڵ هاووڵاتییان خستە ڕوو، کە بریتییە لە پەیڕەوکردنی میتۆدی بەسەنتەرکردنی هاووڵاتی لە خزمەتگوزارییەکان.
وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت: لە کۆبوونەوکەدا وەزیری ناوخۆ باسی لە پێویستی پێداچوونەوەی جیددی بە کەرتی پۆلیس کرد بە هەموو ئەرک و سێکتەر و بەرنامەکانەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و تێڕوانین و چاوەڕوانی هاووڵاتییانی کوردستان بگونجێت.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەشی داوە، بۆ ئەم مەبەستە ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیس هاوشان لەگەڵ لێژنەیەکی دیکەی باڵا کە بۆ ئەرکی ئامادەکردن و نووسینەوەی ڕێبەری کاری پۆلیسی لە کوردستان پێکهاتووە، بۆ ئەو ئەرکە ڕاسپێردراون.
باسی لەوەش کردووە، وەزیری ناوخۆ لێژنەکەی ڕاسپارد کە بیرۆکە و وردەکاریی ئەو پرۆژەیە لەگەڵ کارمەند و ئەفسەران لەسەر ئاستی کوردستان لە ڕێی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و وۆرک شۆپ بەش بکرێت و ڕا و سەرنج و بۆچوونەکانیان بۆ دەوڵەمەندکردنی بە هەند وەربگیرێت و سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو بە گونجاندنی لەگەڵ سروشت و ژینگەی کۆمەڵگەی کوردستان و پاڵپشتی ئاژانس و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەربگیرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیری ناوخۆ جەختی لە پێویستی ئامادەکردن و ڕاهێنانی بەردەوامی جەستەیی و هزری بۆ کارمەندان و ئەفسەران کرد و ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن، بەڕێوەبەرایەتییەکانی مەشق و شیاندن، بەڕێوەبەرایەتی و بەشەکانی ئاراستەکردن و ڕابەریکردنی مەعنەوی و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کۆمەڵگەیی ڕاسپارد بۆ ڕێکخستنی خول و ڕاهێنانی بەردەوام.
هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، پێداچوونەوە بە پەیکەری گشتی پۆلیس، ئەرکەکان، بنکەکانی پۆلیس وەکوو یەکەی بنەڕەتی کاری پۆلیس، سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن بۆ ئاسانکردنی ئەرکەکان، پەروەردەکردنی سەرکردە، دابەشکردن، شۆڕکردنەوەی ئەرکەکان و چەندین تەوەری دیکە بە وردی گفتوگۆیان لەسەر کرا.