بەریتانیا هەنگاوێکی گەورەی لە دۆزینەوەی دەرمانی کۆرۆنا نا
دەرمانێک دۆزرایەوە سوودی زۆری بۆ تووشبووان هەیە
K24- هەولێر:
سایتی بی بی سی لە زاری چەند پسپۆڕ و پزیشکێکی بەریتانیا ئاشکرایکردوە، دەرمانی Dexamethasone دەتوانێت ئەو نەخۆشانەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رزگار بکات کە تەندروستیان زۆر خراپە.
بەگوێرەی بی بی سی، چارەسەرەکە لە رێگای بڕێکی کەمی ستیرۆیدە و کاریگەری گەورەی دژی کۆرۆنا هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەکرێت سێ یەکی ئەو نەخۆشانەی لەبەردەم ئامێری هەناسەدانی دەستکردن، بەم دەرمانە رزگار بکرێن و بەشێکی زۆری ئەوانەشی لەژێر ئۆکسجین دان، سوودی لێ وەربگرن.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی ئۆکسفۆرد، ئەگەر لە سەرەتاوە بەریتانیا ئەو دەرمانەی بەکاربهێنایە، ژیانی زیاد لە پێنج هەزار کەس کە بە کۆرۆنا مردوون رزگار دەکرا.
ئەو دەرمانە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن لە چەند نەخۆشییەک بەکاردێت، هەروەها هاوکاری سیستمی بەرگری دەکات قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەهۆی ڤایرۆسەوە تووشی دەبێت.
زانکۆی ئۆکسفۆرد تاقیکردنەوەی لەسەر شەش هەزار کەس کردووە، دوو هەزاریان دەرمانەکەیان پێدراوە و چوار هەزاریان دەرمانەکەیان پێنەدراوە.
دەرکەوتووە، ئەوانەی دۆخیان زۆر خراپە، ئەگەر دەرمانەکەیان پێبدرێت، ئەگەری زیندوومانەوەیان لە ژیان بە رێژەی 28% بۆ 40% زیاد دەکات.
بەڕێوەبەری توێژینەوەکەش دەڵێت، ئەمە یەکەم دەرمانە مردن بەهۆی کۆرۆنا بەوجۆرە کەم بکاتەوە.
دەشڵێت، دەرمانەکە 10 رۆژ دەدرێت بە نەخۆش و بە بەهای 35 پاوەند لەو دەرمانە، دەکرێت ژیانی تووشبوویەکی کۆرۆنا رزگار بکەین.
هۆشداریی دەدات، خەڵک نابێت خۆیان لە دەرمانخانەکان بیکڕن و بەکاریبهێنن، بەڵکو دەبێت پزیشک خۆی دەرمانەکە لە ژێر چاودێریی بۆ تووشبووەکان بەکاربهێنێت.