لەدوای ئاگربەست، ئیسرائیل غەززەی بۆردومان کرد

وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل دوای کەمتر لە كاتژمێرێک لە وادەی جێبەجێ کردنی ئاگربەستی شەڕ، باکوور و سەنتەری غەززەی بۆردومان کرد.

وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر هێزەکانمان چەند چەکدارێکیان لە باکوور و سەنتەری غەززە کردووەتە ئامانج.

هەروەها ڕاشیگەیاندووە، لە هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە بەردەوام دەبن و بۆ بەرگری لە خەڵکی ئیسرائیل بەردەوام لە ئامادەیی دەمێننەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ لەگەڵ ساتەوەختی جێبەجێ کردنی ئاگربەست، دانیاڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، حەماس پابەندی ئاگربەست نەبووە و تاوەکوو ئێستا لیستی ناوی ئەو بارمتانەی پێشکەش نەکردووە، کە ئازادیان دەکات.

لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، مەحموود باسڵ، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی غەززە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە هەشت کەس کوژراوەن 25 کەسی دیکەش برینداربوون.

هەروەها، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، "سەرۆک وەزیران فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل داوە، ئاگربەست کاتژمێر 8:30ی خولەکی بەیانی بە کاتی غەززە، واتە کاتژمێر 9:30 بەیانی بە کاتی هەولێر جێبەجێ ناکرێت و دوا دەخرێت، چونکە تاوەکوو ئێستا حەماس لیستی بارمتە ئازادکراوەکانی بە دەستەوە نەداوە".

لەلایەکی دیکەوە لە زۆربەی ناوچەکانی کەرتی غەززە، خەڵکی بۆ خۆشی دەربڕین بە بۆنەی ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ ڕژانە شەقامەکان و خۆشی دەردەبڕن.